هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستانو عیراق، لەسەر گومرگو خاڵە سنورییەكان رێكدەكەونو جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، بەیەكخستنی پێناسەكان، كێشەی خاڵە سنوورییەكان چارەسەردەبێت.
عەبدولقادر عەبدوڵا, جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ڕاگەیاند، دانوستانو گفتوگۆی بەردەوامی ئەو لیژنە هاوبەشەی لەنێوان هەرێمو بەغدا بۆ بابەتی گومرگیو خاڵە سنوورییەكان پێكهێنراوە بەردەوامە، پێناسەی گومرگیش لەبەرئەوەی ڕێژەكەی زۆرە تائێستا كارەكانیان كۆتایی نەهاتووە.
وتیشی، ئێمە سەردانی بەغدامان كردووە، بڕیاریشە بەمزوانە وەفدێكی بەغدا سەردانی هەرێم بكاتو چاوەڕوانین، بۆ ئەوەی دوا بڕیار لەسەر پێناسەی گومرگی بدرێت و ڕێكەوتن ئیمزا بكرێت.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئاماژەی بۆئەوەشكرد، كە بەكۆتاییهاتنی كارەكانی لیژنە هاوبەشەكەی یەكخستنی پێناسەی گومرگی، كێشەی سەرجەم دەروازە سنورییەكان چارەسەر دەكرێتو تەنها كێشەی خاڵە سنورییەكان پێناسەی گومرگییە، بەیەكلابوونەوەی ئەو كێشەیەش، گرفتی خاڵە سنورییەكانی هەرێم نامێنێت، دوای ئەوەی پێناسەكانیش یەكخرا، لەقۆناغی دووەمدا هەوڵی بەئەلیكترۆنیان دەدەدرێت.