پەروێزخان بۆتە دووەم گەورە دەروازەی سنووری ئێران بۆ ترانزێت

بەرێوەبەری رێگاوبان‌و گواستنەوەی وشكانی پارێزگای كرماشان رایدەگەیەنێت، ساڵی رابردوو بەرێژەی لەسەدا 16 ترانزێتی كاڵای ئێران، لەدەروازەی سنووری پەروێزخانەوە كراوەو بەو هۆیەشەوە بۆتە دووەم گەورە دەروازەی سنووری ئێران بۆ ترانزێت.

بەهمەن خەسرەوانی, بەرێوەبەری رێگاوبان‌و گواستنەوەی وشكانی پارێزگای كرماشان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 32 دەروازەی سنووری وشكانی‌و 10 دەروازی سنووری ئاوی لەئێراندا هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەندەری شەهید رەجائی لەپلەی یەكەمدایە بۆ  ترانزێتی كاڵاو  پەروێزخانیش لەپلەی دووەمدایەو دوای ئەویش سنووری بازرگان‌و باشماخ دێن.

بەپێی راپۆرتەكانی ئیدارەی گەمرگی پەروێزخان، رۆژانە 800 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەئێرانەوە كاڵا بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازنەوەو رێژەی لەسەدا 50ی كاڵای نانەوتی ئێران لەو سنوورە هەناردە دەكرێت، لەبەرامبەریشدا رۆژانە لەو سنوورەوە نزیكەی 500 تانكەری نەوت لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەرەكانی باشووری ئێران دەگوازرێتەوە.