قه‌ته‌ر بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌لی له‌ سعوودیه‌ و به‌حرێن و میسڕ وڵاتانی كه‌نداو ده‌ركرد


حكوومه‌تی قه‌ته‌ر بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل له‌ سعوودیه‌ و به‌حرێن و میسڕ و وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی ده‌ركرد دوای ساڵێك له‌ پچڕانی پێوه‌ندیی نێوانیان به‌تۆمه‌تی پشتگیریكردنی ئێران و گرووپه‌ تیرۆرستییه‌كان له‌لایه‌ن قه‌ته‌ره‌وه‌.

ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، حكوومه‌تی قه‌ته‌ڕ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای گه‌یاند، به‌هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی كێشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی هاوئاهه‌نگی وڵاتانی كه‌نداو، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی كه‌لوپه‌ل له‌و وڵاتانه‌ هاورده‌ ناكرێت و حكوومه‌تی قه‌ته‌ڕ ڕێ چاره‌یه‌كی تر ده‌دۆزێته‌وه‌.

هاوكات وه‌زاره‌تی بازرگانی و ئابووری قه‌ته‌ر هه‌موو بازرگان و خاوه‌ن دووكانه‌كانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ له‌ هاورده‌نه‌كردنی هیچ كه‌لوپه‌لێك له‌م چوار وڵاته‌.

له‌سه‌ره‌تای گه‌مارۆدانی قه‌ته‌ر له‌لایه‌ن چوار وڵاته‌كه‌، كاڵا و خۆراك له‌ ماركێته‌كانی قه‌ته‌ر نه‌مان، به‌ڵام دوای ساڵێك قه‌ته‌ر خۆی له‌و گرفتانه‌ ڕزگار كرد و ئێسته‌ پێچه‌وانه‌ی چوار وڵاته‌كه‌، ده‌وحه‌ بڕیاری داوه‌ هاتنی هه‌ر كه‌لوپه‌لێك له‌و چوار وڵاته‌ قه‌ده‌غه‌ بكات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاڵای ئه‌و وڵاتانه‌ نه‌هێنرێته‌ سنووری خاكه‌كه‌یه‌وه‌.

له‌ حوزه‌یرانی ساڵی 2017، هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی سعوودیه‌ و وڵاتانی كه‌نداو و به‌حرێن و میسر هه‌موو پێوه‌ندییه‌كی بازرگانی و گه‌شتكردنیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر بڕی به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی قه‌ته‌ر پشتگیری له‌ ئێران و تیرۆریستان و ڕێكخراوی ئیخوان موسلیمین ده‌كات.