دڵشاد عومەر: سەرباری قەیران و کێشەکان ئەمساڵ توانرا پڕۆسەی پەروەردە له‌سلێمانی بگەیەنرێتە کەنارێكی ئارام


ئەمڕۆ یەکەم رۆژی تاقیکردنەوە گشتییەکانی ساڵی خوێندنی ٢٠١٧ – ٢٠١٨ی لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. لە شاری سلێمانی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی، ھۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانیان بەسەرکردەوە.

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی، دڵشاد عومەر  راگەیاند “بە ھەوڵی مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی پەروەردە ئەمساڵ توانرا سەرباری قەیران و کێشەکان پڕۆسەی پەروەردە بگەیەنرێتە کەناری ئارام، ئەمڕۆش خوێندکارانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکانیان دەستپێکرد”.

دڵشاد عومەر وتی: “لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٦٢٥ ھۆڵی تاقیکردنەوەمان ھەیە و کۆی خوێندکارانی زانستی و وێژەیی و پیشەییەکان کە بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن ٣٦ ھەزار و ٨٩٤ قوتابی و خوێندکارن، نزیکەی چوار ھەزار مامۆستا و زیاتر لە ٤٠٠ سەرپەرشتیاری پەروەردەیی چاودێر و سەرپەرشتی تاقیکردنەوەکان دەکەن تا بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەبچێت”.

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ئەوەشی وت “ساڵ بە ساڵ پڕۆسەی پەروەردە و تاقیکردنەوەکان بەرەو باشتر دەڕوات، بۆ ئەمساڵیش ئامادەکاری و خزمەتگوزاری تەواو دابینکراوە بۆ ھۆڵەکانی تاقیکردنەوە و ھێڵەکانی ئینتەرنێتیش لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا رادەگیرێت و کامێرای چاودێری لە ھۆڵەکان دانراوە بۆ چاودێری کردنی وردی چۆنیەتی بەڕێوەچونی پڕۆسەکە”.

ماوەی چەند ساڵێکە و بە ھۆی بەردەوامی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی پێدانی مووچەی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی پڕۆسەی خوێندن بە شێوەیەکی ئاسایی تێپەڕ نابێت، ئەمساڵیش ھاوشێوەی سێ ساڵی رابردوو مامۆستایان بۆ ماوەی چەند مانگێک بایکۆتی خوێندنیان کرد، بەو ھۆیەوە دەرگای خوێندنگەکان بۆ ماوەیەکی زۆر داخران.

بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژھەڵاتی سلێمانی، نازدار ئەحمەد لە بارەی کاریگەری ئەو دۆخە لەسەر قوتابیانی ١٢ی ئامادەیی و تاقیکردنەوەکانیان وتی: “بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەکردووەتە سەر قۆناغەکانی ٩ و ١٢ی ئامادەیی، بە ھۆی ئەوەی بە سوپاسەوە مامۆستایانی ئەو دوو قۆناغە بایکۆتی دەوامیان نەکرد و بەردەوامیان دا بە پڕۆسەی خوێندن، ئومێد دەکەین ئەو ماندووبوونەی مامۆستایانیش ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەرھەمی ھەبێت و دڵنیاییەکمان ھەیە لەوەی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەم بین”.

بەپێی رێککەوتنی لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان، تا کاتی کۆتایھاتنی تاقیکردنەوەکانی گشتی و نیشتمانی ئامادەیی لە رۆژی شەشی مانگی داھاتوو، رۆژانە بۆ ماوەی دوو تا سێ کاتژمێر ھێڵی ئینتەرنێت لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان رادەگیرێت.