كۆمپانیای نەوت و گازی ڕووسیا “گازپرۆم” ئاشكرای كرد، لەگەڵ كۆمپانیای ریپسۆلی ئیسپانی گەیشتوونەتە ڕێككەوتن كە لەو كێڵگە نەوتییانەی كۆمپانیا ئیسپانییەكە لە كوردستان كاری تێدا دەكات، ببنە هاوبەش و ئەوانیش بەشدار بن لە بەرهەمهێنانی وزە لەو دوو كێڵگە نەوتییە.
كۆمپانیای ریپسۆلی ئیسپانی لە ساڵی 2011 سەرەڕای هەڕەشەكانی بەغدا و دانانی كۆمپانیاكە لە لیستی ڕەشی بەغدا، گرێبەستێكی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژوو كرد، بۆ گەڕان بە دوای وزە لە قەڵادزێ و پیرەمەگروون.
لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووری سانپترسبۆرگ، كۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی گفتوگۆی لەگەڵ كۆمپانیای ریپسۆلی ئیسپانی كردووه. ئاژانسی “ڕۆیتەرز” بڵاوی كردەوە، كۆمپانیای گازپرۆم لەمیانەی گفتوگۆكانی لەگەڵ ریپسۆل گەیشتووەتە ڕێككەوتن بۆ كاربای هاوبەش و وەرگرتنی بڕێك لە پشكەكانی ریپسۆل لەو دوو كێڵگە نەوتییەی كۆمپانیای ریپسۆل لە كوردستان كاری تێدا دەكات.
تا ئێستە وردەكاری زیاتری ئەو ڕێككەوتنەی نێوان گازپرۆم و ریپسۆلی ئیسپانی ئاشكرا نەكراوە، بەڵام ئەو ڕێككەوتنە دوای ئەوە دێ، دوێنێ هەینی كۆمپانیای رۆسنەفتی ڕووسیایش بڵاوی كردەوە، لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ دروستكردنی بۆڕی گازی سروشتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.