بەهۆی كاریگەری بومەلەرزەكەی ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ لە وەرزی باران باریندا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان گلنەدرایەوە، بەهۆی ئەوەشەوە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەنداوەكە بۆ نیوە كەمدەكات.
بەنداوی دەربەندیخان, وەرزی بارانبارینی بەبێ گلدانەوەی ئاو بەڕێكرد, ئەوەش بەهۆی ئەو زیانانەی كە بەهۆی بومەلەرزەكەی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی پارەوە بەریكەوت، بەوتەی بەڕێوبەری بەنداوەكە لە ئاییندەیەكی نزیكدا كۆمپانیایەكی ئیتالی كاری نۆژەنكردنەوەی بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار بۆ دەكات.
تا ئێستا نازانرێت ئاستی ئەو مەترسییەی كە بومەلەرزەكە لەسەر بەنداوی دەربەندیخان دروستی كردووە چەندە، بەڵام تاكە ڕێگە بۆ كەمكردنەوەی مەترسی و زیانەكان، گلنەدانەوەی ئاو بووە لە بەنداوەكە، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای بەنداوەكە, بۆ وەرزی هاوینی ئەمساڵ بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ لەسەدا 50 كەمدەكات.
توانای ئێستای بەنداوی دەربەندیخان بۆ گلدانەوەی ئاو, نزیكەی دوو ملیارو 500 مەتر سێجایە, بەڵام لە ئێستادا تەنها نزیكەی نیوەی توانای بەنداوەكە ئاو گلدراوەتەوە.