ڕێگەیەكی تری ستراتیژی لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگای موسڵ كرایەوە، دوای داخستنی بۆ چەند مانگێك بەهۆی رووداوەكانی دوای 16 ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە.
هێزە عێراقیەكان لە (19 – 10) ی ساڵی رابردوەوە گەڕاونەتەوە بۆ دەشتی نەینەواو ناوچەكانی تری جێناكۆك، بەهۆیەوە رێگەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگای موسڵ داخران، لە ئێستادا چەند رێگایەك كراونەتەوە.
فەرماندەیی فیرقەی 16 ی پیادەی سوپای عێراق ئاشكرایكرد، رێگەو بازگەی نەوران كراوەتەوە كە قەزای شێخان بە شاری موسڵ دەبەستێتەوە.
بەپێی بەیاننامەكەی سوپا ئەوە پێنجەم رێگەی سەرەكی نێوان موسڵ و هەرێمی كوردستانە بكرێتەوە لە چەند مانگی رابردوودا.
رێگەی هاتوچۆی نەوران، لەسەر هێڵێكی ستراتیژییەو دوای پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەو چارەسەری بۆمبە چێنراوەكانی ئەو سنورەو چاككردنەوەی رێگەكە، جارێكی تر بەڕووی هاتوچۆی هاوڵاتیاندا كراوەتەوە.
بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندو هەرێمی كوردستان، حەوت مانگ لەمەوبەر رێگەكانی نێوان شێخان – موسڵ، بەردەڕەش – موسڵ، تلكێف – دهۆك، شەنگال – دهۆك، زومار – شەنگال، رەبیعە – شەنگال، ئەلقوش – موسڵ، حەمدانییە – هەولێرو بەرتلە هەولێر داخران.
داخستنی رێگە سەرەكییەكانی موسڵ و هەرێم، بارگرانی بۆ سەدان فەرمانبەران و هاوڵاتیان بە گشتی دروستكرد، بەشێك لەو كەسانەی دەوامی رۆژانەیان لە ناوچەكانی دەرەوەی نەینەوا بوو رێگەی هاتوچۆیان پێنج هێندەی پێشتر درێژبۆوە.
تائێستاش رێگەی سەرەكی هاتوچۆی نێوان كەركوك و هەولێر، تەنیا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كراوەتەوەو لایەنی عێراقی، دیارنیە كەی هەمان بڕیار دەدەن.
گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ نەینەواو كەركوكو ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بوو بەناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، دوای ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەولێر بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی بارگرژی.