سیروان محه‌مه‌د: پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم كۆمپانیا توركیه‌كان ناچاربكات كارگه‌كانیان له‌ كوردستان دابمه‌زرێنن


سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت ”پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی بازرگانی سه‌رجه‌م كۆمپانیا توركیه‌كان ناچاربكات كارگه‌كانیان له‌ كوردستان دابمه‌زرێنن”.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌میانه‌ی به‌شداری كردنی له‌به‌رنامه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌نج رایگه‌یاند ”كاڵای توركی له‌بازاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیادی كردوه‌ نه‌ك كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران ماوه‌ی ٩٠ رۆژ ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی به‌ڕوی هه‌رێمی كوردستاندا داخست، له‌و ماوه‌یه‌دا كاڵای توركی تا راده‌یه‌ك جێگه‌ی كاڵای ئێرانی گرته‌وه‌”. 

سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد له‌ئێستا كاڵای توركی له‌بواری كه‌لوپه‌لی ناوماڵ و خۆراك و پاكردنه‌وه‌ بازاڕی كوردستانیان ته‌نیوه‌ و له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ رۆژانه‌ ده‌یان ریكلام بۆ كاڵایانه‌ ده‌كرێت بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی كۆمپانیا توركیه‌كان ناچار بكه‌ن كارگه‌كانیان بهێن بۆ كوردستان.

سیروان محه‌مه‌د جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ ”له‌هه‌موو دنیادا رێگه‌ نادرێت ته‌نها كاڵا هه‌نارده‌ بكرێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ئێستا بازرگانێك له‌ كوردستانه‌وه‌ بیه‌وێت شتومه‌ك هه‌نارده‌ی توركیا یان هه‌ر وڵاتێكی تر بكات رێگه‌ی پێ نادرێت و داوای لێ ده‌كه‌ن كارگه‌ی له‌توركیا دابمه‌زرێنێت”.