کۆمپانیاکانی 70 وڵات بەشداری کۆڕبەندی ئابووری سان پترسبۆرگ دەکەن

ئەمساڵ ئامادەکارییەکی باشتر لە ساڵانی رابردوو بۆ کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووری سان پترسبۆرگ کراوە، هەم لە رووی ژمارەی بەشداربووان هەم لە رووی زۆری وڵاتانی بەشداربوو، بەشێوەیەک کە بەشداربووان چاوەڕێی ئەنجامی گەورەی لێدەکەن.

رووسڵان ئەبدوڵۆڤ، یەکێک لە رێکخەرانی کۆڕبەندەکەیە، دەڵێ “لێرە کۆمەڵێک وڵات بەشداردەبن، کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ رووسیادا نییە، بێگومان ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا سەپێنراون و ئابووری رووسیا گەشەدەکاتەوە، هیوادارین ئەو گەشەکردنە بۆ رووسیا و هەموو وڵاتانی دیکەی بەشداربووش بێت”.

جگە لە بەشداربوون لەسەر ئاستی تاکەکەسی، شاندی 100 وڵات و کۆمپانیاکانی 70 وڵاتی جیهان ئەمساڵ بەشداری کۆڕبەندەکە دەکەن، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەمساڵ قەبارەی ئەو گرێبەستانەی لە کۆڕبەندەکەی سان پترسبۆرگدا واژۆ دەکرێن لە هی ساڵی پار زیاتربن، کە پارساڵ نزیکەی 30 ملیار دۆلار بوو.

ئارتیۆم ئەندرۆسۆڤ، بەشداربووی کۆڕبەندەکە دەڵێ “ئەو کۆڕبەندە گۆڕەپانێکە، کە لەڕێگەیەوە دەتوانین پەیوەندی زۆرمان دەستبکەوێت و، رێکبکەوین لەسەر ئەوەی مەبەستمانە، بۆ ئەوەی دواتر بتوانین هەماهەنگی ئابووریی دروست بکەین و گریبەست واژۆ بکەین. گفتوگۆکردن و یەکدی بینین سوودی زۆری بۆ ئابووری هەیە”.

بەهۆی بوونی خواستی زۆر لەسەر بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووری سان پترسبۆرگ، گەرموگوڕیی کۆمپانیا بەشداربووەکان رۆژێک پێش دەستپێکردنی کۆڕبەندەکە بەشێوە فەرمییەکەی، قەرەباڵخیەکی زۆر هەبوو و، تەنانەت بەشێک لە بەشداربووەکانیش دەستیان بەنمایشکردنی بەرهەمەکانیان و ئەنجامدانی چالاکییەکانی خۆیان کرد.
 
رووداو