لیره‌ی توركی به‌رامبه‌ر دۆلار زیاتر داده‌به‌زێت و رێژەی سوه‌كان زیاتر ده‌بێت


بانكێكی گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا له‌باره‌ی به‌های لیره‌ی توركی، ئاشكرای كردووە ئه‌گه‌ر بارودۆخی بانكی مه‌ركه‌زی توركیا وه‌كو ئێستە بمێنێتەوە، ده‌بێت گه‌لی توركیا بزانن كە لیره‌ی توركی به‌های زیاتر داده‌به‌زێت.

بانكی ناوەندی توركیا بەمەبەستی رێگرتن لە داڕمانی زیاتری بەهای لیرە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدا و تێیدا بریاریدا رێژەی سوود لە 13.5%ەوە بۆ 16.5% زیاد بكات.

بڕیارەكەی بانكی ناوەندی بۆ رێگرتن بوو لە بەردەوامبوونی دابەزینی نرخی لیرە كە لەسەرتای ئەمساڵ‌وە نزیكەی 20%ی بەهای خۆی لەدەست داوە، هۆكارەكەشی بۆ سیاسەت و لێدوانەكانی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە كە خۆی وەك “دوژمنی رێژەی سوود” وەسف دەكات.

كۆمێرز بانك  له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا كه‌ تاتها گۆسه‌ كردوویه‌تی و له‌ ماڵپه‌ڕی بانكی ناوبراودا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ئاشكرای ده‌كات چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌مساڵدا لیره‌ی توركی به‌های زیاتر دابه‌زێ و هه‌ر دۆلارێك به‌رامبه‌ر به‌ 6 لیره‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكرێت.

لای خۆشیه‌وه‌ سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی  یڵدرم لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە لیرە رایگه‌یاند “ئەم کێشەیە کاتییە، و به‌رده‌وام نابێت، توركیا سیسته‌می ئابووری ئازاد په‌یره‌و ده‌كات، كه‌واته‌ هیچ چه‌شنه‌ گۆڕانكارییه‌ك جێی باس نییه‌” “.

لە هەفتەی رابردووشەوە بەهای لیرە زیاتر دابەزیوە، دوای ئەوەی ئەردۆغان ئاماژەیدا بەوەی ئەگەر لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی 24ی حوزەیراندا سەربكەوێت، ئەوا سیاسەتی دارایی توركیا زیاتر دەخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە.

پێش كۆبوونەوەكەی بانكی ناوەنیدا، بەهای لیرە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و نرخی یەك دۆلاری ئەمریكی گەیشتە 4.9290 لیرە، بەڵام دوای بڕیاری زیادكردنی سوود بەهای لیرە 2% بەرزبۆوە و نرخی یەك دۆلار بوو بە 4.6304 و ئه‌مرۆش نرخەكەی لەبەرامبەر دۆلاردا گەیشتە 4,6960،

تائێستاش رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامادەنییە كە دان بنێت بەوەی سیاسەتەكانی بوونەتە هۆی داڕمانی نرخی لیرە و شەوی چوارشەممە لەلێدوانێكیدا رایگەیاند بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كێشەیەكی جیهانییە.

داواشی لە هاووڵاتییانی توركیا كرد كە پارەكانیان نەگۆڕنەوە بە دۆلار بۆئەوەی رێگری بكەن لە دابەزینی زیاتری بەهای پارەی وڵاتەكەیان و وتی: “پارە ناوخۆییەکانتان بە دۆلار مەگۆڕنەوە. با جوڵەی پارەی ناوخۆ بەردەوام بێت. ھاووڵاتی بوون و نیشتمان پەروەری بەم جۆرەیە”.