كۆنتڕۆڵی‌ جۆری‌ هه‌رێم مه‌رجی‌ ئه‌و ئوتومبیلانه‌ی‌ ئاشكراكرد كه‌ له‌مه‌ودوا هاورده‌ی‌ هه‌رێم ده‌كرێن

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كوالێتی‌ و كۆنتڕۆی‌ جۆری‌ هه‌رێم رایگه‌یاند: پێشنیازیان كردووه‌، بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ داهاتوه‌وه‌ هاوره‌دكردنی‌ ئۆتۆمبێل بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌.
موئه‌یه‌د عه‌بدولڕه‌حان به‌ ئێن ئاڕ تی‌ راگه‌یاندوە: ته‌نها پێشنیازیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئازاره‌وه‌ هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبیل بۆ هه‌رێم ده‌ستپێبكاته‌وه‌و پێشنیازه‌كه‌شیان ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ كردووه‌ كه‌ پێشتر سه‌باره‌ت به‌ هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبێل پێكهێنرابوو.
راشیگه‌یاند: تا ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران پێشنیازه‌كه‌ نه‌كات به‌ بڕیار ئه‌وان ناتوانن رێگه‌ به‌ هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبێل بده‌ن.
پێشبینیشی‌ كرد هه‌فته‌ی‌ داهاتوو ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران رێنمایه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبێل بڵاو بكاته‌وه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كوالێتی‌ و كۆنتڕۆی‌ جۆری‌ ئاماژه‌ی‌ به‌و مه‌رجانه‌ش كرد كه‌ دیاریانكردووه‌و كه‌ پێویسته‌ له‌و ئۆتۆمبێلانه‌دا هه‌بێت كه‌ هاورده‌ ده‌كرێن و رایگه‌یاند: پێویسته‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ خه‌لیجی‌ و تایبه‌تمه‌ندی‌ ته‌واوی‌ ئه‌وروپی تێدا بێت، هه‌روه‌ها ئێرباگی‌ تیابێت و ئه‌ی بی ئێس بێت و مه‌رجی‌ سه‌لامه‌تی‌ و پاراستنی‌ ژینگه‌ی‌ تێدا بێت.
وتیشی، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتوچۆی‌ پارێزگاكان و گومرگه‌كان هه‌ماهه‌نگیان كردووه‌ هه‌ر ئۆتۆمبێلێك كه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ دیاریكراوه‌كانی‌ تێدا نه‌بێت تابلۆی‌ پێنادرێت.
هاوكات ئاشكراشی كرد هیچ كۆمپانیایه‌ك دیارینه‌كراوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێل هاورده‌ی‌ هه‌رێم بكات وتیشی، مه‌رجی‌ ئه‌وان بوونی‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ دیاریكراوه‌كانه‌.