كۆمپانیایه‌كی ئیماراتی گه‌وره‌ترین گرووپی بانك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌مه‌زرێنێت


كۆمپانیای ئیماراتی دوبه‌ی وه‌ته‌نی NBD كه‌ گه‌وره‌ترین گرووپی بانكه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ڕووسی سبه‌ربانك واژوو كردووه‌ بۆ كڕینی بانكی دێنیزی توركی له‌ وڵاته‌كه‌ به‌ به‌های 3.2 ملیار دۆلار به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی گه‌وره‌ترین بانك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا و توركیا.

ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاو كرده‌وه‌، دێنیز بانك یه‌كێكه‌ له‌ پێنجه‌مین گه‌وره‌ترین بانك له‌ توركیا و گه‌وره‌ترین پشكی له‌ سبه‌ربانكی ڕووسیا هه‌یه‌، كڕینی بانكه‌كه‌یش یه‌كێكه‌ له‌ ستراتیجه‌كانی پێدانی قه‌رزی ڕووسیا بۆ گرنگی پێدان به‌ بازاڕه‌كانی ناوخۆیی وڵاته‌كه‌.

ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌یش به‌ گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وت داده‌نرێت بۆ بانكی ئیماراتی NBD دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی یه‌نایه‌ری ڕابردوو ڕای گه‌یاند ئامانجی كڕینی پشكی ڕووسیایه‌ له‌ دێنیزبانك.

هیشام عه‌بدوڵا ئه‌لقاسم جێگری سه‌رۆكی بانكی ئیماراتی NBD له‌ لێدوانێكدا ڕای گه‌یاند، ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ وا ده‌كات بانكی ئیمارات گۆڕانكاری له‌ كاره‌كانی بكات و بانگێكی گه‌وره‌تر دابمه‌زرێنێت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

دێنیز بانك پشكی 37.25 ملیار دۆلاری هه‌یه‌ و 751 لقی هه‌یه‌ كه‌ 43 لقیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی توركیایه‌، هاوكات بانكی ئیمارات NBD لقی له‌ وڵاتانی كه‌نداو و میسڕ و ئه‌نده‌نووسیا و سعوودیه‌ و سه‌نگاپوور و هیندستان و شانشینی یه‌كگرتوو و چین هه‌یه‌.