كاسبكاران و خاوەن كۆگا و قاتعەكانی عەلوەی سلێمانی رۆژانە و پێش هەڵهاتنی رووناكی رۆژ دەچنە سەر كارەكانیان و دەست بە وەرگرتن و فرۆشتنی میوە و سەوزەكان دەكەن، ئەوان لە رەمەزاندا قەرەباڵخی و بازاڕێكی باشتریان هەیە و ئەو كەسانەی بە رۆژوون لە رەمەزاندا زیاتر خواستیان لەسەر هەندێك سەوزە و میوە هەیە و ئەو سەوزە و میوانە بە بەراورد بە پێش مانگی رەمەزان بازاڕێكی باشتریان هەیە.
عەلوەی سلێمانی دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی شارەکە و لە 184 بەش و دوكان كە لە عەلوەدا بە قاتع ناسراوە پێكهاتووە، رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار كاسبكار و كرێكار كاری تیادا دەكەن و سەدان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش سەرقاڵی هێنان و بردنی سەوزە و میوەكانن، جگە لەوەش رۆژانە ژمارەیەكی زۆر كڕیار و فرۆشیار دێنە عەلوەكەوە.
یەك لە كاسبكارانی عەلوەكە، هەردی فەتاح راگەیاند “لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا عەلوەی سلێمانی جموجوڵێكی جیاوازتری لە مانگەكانی تری ساڵ هەیە و خەڵك بەتایبەتی ئەوانەی بە رۆژون زیاتر روو لە كڕینی میوەكان دەكەن، بەڵام بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو جیاوازییەكی هەیە و كەمتر بووەتەوە”.
ئەو وتی: “لەم مانگەدا بە زۆری خەڵك حەزیان لەو جۆرە میوانەیە كە میوەی ئاودارن، لەوانەش شووتی و كاڵەك و گێلاس و ترێ و قەیسی و جۆرەكانی تر، بەڵام لەگەڵ هاتنی رەمەزاندا شووتی دەرەوە گومرکی خرایە سەر و نرخەكەی بۆ دوو هێندە بەرز بوویەوە و بڕەكەشی كەمتر بووەتەوە”.
هەردی دەڵێت: “زۆربەی ئەو میوە و سەوزانەی لە ئێستادا لە بازاڕەكەدا هەیە بەرهەمی دەرەكین بەتایبەت بەرهەمی میوەی توركی لە ترێ و قۆخ و هەرمێ و گێلاس و جۆرەكانی تر كە بە هۆی جوانی و تامەكانیانەوە خواستیان زیاتر لەسەرە”.
یەك لە خاوەن قاتعەكانی تری عەلوەكە، عومەر ئەحمەد كە زیاتر كاری كڕین و فرۆشتنی شووتی دەكات، وتی: “شووتی و كاڵەك لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و پێشتر بڕێكی زۆر و شووتییەكی باش دەهاتە شاری سلێمانییەوە، بەڵام دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێم لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڕیارێكی دەركرد بۆ قەدەغەكردنی هێنانی شووتی لە دەرەوە و بڕیارەكە تەنها یەك رۆژ جێبەجێكرا، كاری كردە سەر كەمبوونەوە و گرانبونی نرخی شووتی، بەجۆرێك پێشتر نرخی یەك كیلۆ شووتی لە 150 تا 300 دینار بوو، بەڵام ئێستا بۆ دوو هێندە بەرز بووەتەوە”.
ئەو وتی: “لە رەمەزاندا شووتی داواكاری زیاتری لەسەرە، شووتی ئەمساڵی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە هۆی كەشوهەواو باران بارینەوە بەشی زۆری فەوتاون، شووتی دەشتی عوزێم و ناوچەكانی تری عێراقیش تەنها بەشی خۆیان دەكات و ناگاتە ناوچەكانی هەرێم”.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە و لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی سەوزە و میوەی ناوخۆدا، رێوشوێنی تایبەت بەرامبەر بەرهەمی كشتوكاڵی دەگرێتە بەر بە زیادكردنی گومرک لەسەر ئەو بەرهەمانە و قەدەغەكردنی بەشێك بۆ هێنانە ناوەوەیان بۆ هەرێم، ئەوەش لە پێناو ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆدا.