بڕیارێكی ئێران بووه‌ته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رچاوی ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه به‌مه‌به‌ستی گه‌شتوگوزار و یان كار و مه‌به‌ستی تر سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌كرد. به‌رپرسانی هه‌رێم پێیان باش نییه هه‌مان سیاسه‌تی ئێران پێڕه‌و بكه‌ن و داوا ده‌كه‌ن ئه‌و هۆكارانه دابین بكرێن كه ده‌بنه هۆی بردنه ده‌ره‌وه‌ی گه‌شتیارانی كوردستان.
ئێران، رسووماتێكی زۆر به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌دا سه‌پێنراوه كه له ئێران ده‌چنه ده‌ره‌وه و ئه‌و باج و رسووماته‌یش بۆ گه‌شته‌كانی دووه‌م و سێیه‌م له ساڵدا چه‌ندان هێنده به‌رز ده‌بنه‌وه.
ساڵانه له ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه به ده‌یان هه‌زار كه‌س به‌مه‌به‌ستی گه‌شت و سه‌یران روو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی ئه‌و رسووماته نوێیه به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران‌دا سه‌پاوه، گه‌شتی هاووڵاتییان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوی كه‌می كردووه.
به‌گوێره‌ی بریارەکەی ئێران كه له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، هه‌ر كه‌سێك له سنووری ئێران بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بچێته ده‌ره‌وه، ئه‌وا 220 هه‌زار تمه‌نی وه‌ك رسوومات لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌شته بۆ جاری دووه‌م دووباره بكرێته‌وه، ئه‌وا بڕی ئه‌و رسووماته ده‌بێته 330 هه‌زار تمه‌ن و بۆ جاری سێیه‌میش بۆ 440 هه‌زار تمه‌ن به‌رز ده‌بێته‌وه.
هاووڵاتی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كاتێك ده‌یه‌وێت سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات، ته‌نیا له دیوی ئێران رسوومات و باج نادات، به‌ڵكو كاتێك ده‌په‌ڕێته‌وه دیوی باشوور، ده‌بێت بۆ هه‌ر نه‌فه‌رێك 25 هه‌زار دینار بدات كه ئه‌م بڕه پاره‌یه‌ش به نزیكه‌ی 150 هه‌زار تمه‌ن ده‌كات. به‌و پێیه به گشتی پاره‌ی هه‌ر كه‌سێك كه جاری یه‌كه‌م له ئێرانه‌وه دێته هه‌رێمی كوردستان 370 هه‌زار تمه‌ن و بۆ جاری دووه‌م 480 هه‌زار تمه‌ن و بۆ جاری سێیه‌میش ده‌بێت 590 هه‌زار تمه‌ن به هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئێران بدات كه ده‌كاته 100 دۆلار.
به‌و پێیه ئه‌گه‌ر خێزانێكی چوار كه‌سی له سنوور بپه‌ڕنه‌وه و مه‌به‌ستیان بێت سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، ئه‌وا ته‌نیا له رسووماتی سه‌رسنوور ده‌بێت ملیۆنێك و 480 هه‌زار تمه‌ن بده‌ن كه به‌و نرخه‌ی بانكی ناوه‌ندی ئێران بۆ دۆلار دیاری كردووه ده‌كاته 350 دۆلار و له بازاڕی ئازادیش ئه‌و بڕه به دۆلار ده‌كاته سه‌رووی 250 دۆلار. ئه‌مه ته‌نیا رسووماتی په‌ڕینه‌وه له سنووره كه زیاتره له داهاتی مانگانه‌ی خێزانێك له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.
ئه‌م بڕیاره رێگره له‌وه‌ی كاسبكارانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. ره‌حمان محه‌مه‌د كرێكاره و مانگانه جارێك سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئه‌و وتی، ئه‌مجاره پاره‌یه‌كی زۆریان له‌سه‌ر سنوور لێ وه‌رگرتووه و ناتوانێت كرێی رێیش ده‌ربهێنێته‌وه، له كاتێكدا هه‌موو ئامانجی ئه‌وه‌یه بژێوی خێزانه‌كه‌ی دابین بكات.
مه‌سعوود باتێلی سه‌رپه‌رشتیاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران، باسی له‌وه كرد كه له‌و كاته‌وه ئه‌و بڕیاره دراوه، ژماره‌ی گه‌شتیارانی ئێرانی بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌می كردووه. به‌ڵام ره‌تی كرده‌وه كه هه‌رێم بڕیاری هاوشێوه‌ی ئێران بۆ هاووڵاتییانی خۆی بدات و گوتی “ناكرێت به سه‌پاندنی باج و رسوومات خه‌ڵك بخه‌ینه ناو گرتووخانه، به‌ڵكو خه‌ڵك ئازاده سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و خزم و كه‌سانی له‌ودیو بكات”.
له‌باره‌ی پێوه‌ندییه بازرگانییه‌كانیش ئه‌و به‌رپرسه‌ی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران روونی كرده‌وه كه جموجۆڵی بازرگانی مانگ به مانگ زیاتر پێش ده‌كه‌وێت، به‌ڵام جموجۆڵی گه‌شتیاری كه‌می كردووه.
له لایه‌كی تره‌وه نادر رۆستی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزاری كوردستان، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ژماره‌ی گه‌شتیارانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 25 هه‌زار دیناری رسووماتی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیی وه‌رنه‌گرت، به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌و 185 هه‌زار گه‌شتیاره‌ی روویان له كوردستان كرد، هی رۆژهه‌ڵات بوون.
رۆستی نایشارێته‌وه كه “دوای ئه‌و بڕیاره نوێیانه‌ی ئێران، پێشبینی ده‌كه‌ین له‌مه‌ودوا ژماره‌یه‌كی كه‌می گه‌شتیاری ئێرانی روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن”.
ئه‌م بڕیارانه‌ی حكوومه‌تی ئێران بۆ ئه‌وه‌یه خه‌ڵك گه‌شتی ده‌ره‌وه نه‌كه‌ن و زیاتر خه‌ڵكی ده‌ره‌وه بێنه ناو وڵات. ئه‌مه له كاتێكدایه له هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكێكی زۆر بۆ گه‌شت، چاره‌سه‌ری یان سه‌ردانی خزم و كه‌س سه‌ردانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی گه‌شتیاری پێی وایه، ناكرێ هه‌رێمی كوردستان هه‌مان سیاسه‌تی ئێران به‌رانبه‌ر هاووڵاتییان پێڕه‌و بكات، بۆیه پێی باشه “له جیاتی سه‌پاندنی باج و رسوومات هه‌مان هۆكار كه وا ده‌كات هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ده‌ره‌وه بكات، لێره بۆی دابین بكرێت و به‌مه‌ش به تیرێك دوو نیشانه دێته پێكان و جگه له هێشتنه‌وه‌ی گه‌شتیاری ناوخۆ، ده‌بێته هانده‌رێكی گرنگیش بۆ راكێشانی زیاتری گه‌شتیارانی بیانی بۆ هه‌رێمی كوردستان”.