نرخى نه‌وت دابه‌زی

له‌ كۆتاى مامه‌ڵه‌ى هه‌فته‌ى رابردوودا، نرخه‌كانى نه‌وت دابه‌زینى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، به‌ڵام نه‌وتى خاوى برێنت ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌يە له‌ دواى یه‌ك، له‌ ئاستێکی به‌رزدايە، ئه‌وه‌ش به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى كتوپڕى به‌رهه‌مى نه‌وتى فه‌نزويلا و زۆربوونى خواست له‌سه‌ر نه‌وت. 

نه‌وتى خاوى برێنت له‌ كۆتا مامه‌ڵه‌دا، 79 سه‌نت دابه‌زی و به‌رمیلێك به‌ 78 دۆلار و 51 سه‌نت فرۆشرا، له‌كاتێكدا له‌ مامه‌ڵه‌ى رۆژى پێشووتر له‌سه‌روو 80 دۆلار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، به‌گشتى نه‌وتى خاوى برێنت له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌ڕێژه‌ى17.5% به‌رزبوه‌تةوة. 

پسپۆڕانى بوارى وزه‌ش پێيانوایه‌، كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى كورت مه‌ودادا، به‌هۆى زیادبوونى مه‌ترسیه‌ جیوسیاسیه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا نرخه‌كان نه‌وت دووباره‌ به‌رز ده‌بنه‌وه‌. نه‌وتى خاوى خۆرئاوى تێكساسيش به‌رێژه‌ى 0.29% دابه‌زى له‌ كۆتا مامه‌ڵه‌دا، به‌رمیلێك به‌ 71 دۆلار و 28 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، ماوه‌ى سێ هه‌فته‌شه‌ له‌ دواى یه‌ك روو له‌ به‌رزییه‌.