كۆمپانیا گەورەکانی جیھان لەترسی سزادانیان لەلایەن ئەمریکاوە لەئێران دەکشێنەوە، سەرۆکی فەڕەنسا داوای پاراستنی کۆمپانیاکانی ئەوروپا دەکات لە سزاکانی ئەمریکا.
ئاماژەکانی کاریگەریی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران دەرکەوتوون و ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی جیھان لە ترسی سزادانیان لەلایەن ئەمریکاوە دەیانەوێت لە ئێران بکشێنەوە، ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنساش رایگەیاندووە کۆمپانیاکانی ئەوروپا کە لەئێران کار دەکەن، سەربەستن لە بڕیاردان سەبارەت بە مانەوە یان کشانەوە لە رێککەوتننامە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
ئاماژەکانی کاریگەریی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران دەرکەوتوون و لەو چوارچێوەیەشدا گروپی کەشتیوانیی (ئەی پی مۆڵەر-مێرسک) کە گەورەترین گروپی کەشتیوانیی جیھانە، راگرتنی سەرجەم چالاکیەکانی لەگەڵ ئێراندا راگەیاند.
پێشتریش چەند کۆمپانیایەکی گەورەی ئەوروپی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئێران راگرت. ئەو کۆمپانیایانە لە ترسی سزادانیان لەلایەن ئەمریکاوە سەرجەم مامەڵە بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران راگرتووە.
کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەڕەنسیش بۆ نەوت و وزە ئامادەکاریی دەکات بۆ کشانەوە لە پڕۆژەی گەشەپێدانی کێڵگەیەکی گازی سروشتی لە ئێران کە بڕەکەی بە یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە تا ئێستاش ئەو کۆمپانیایە ٤٧ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو پڕۆژەیە خەرج کردووە.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە: بەھۆی ترسی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا لەلایەن ئەمریکاوە، ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لە ئێران کار دەکەن، لە مانگی تشرینی دووەمی داھاتوودا چالاکییەکانیان کەمدەکەنەوە.
لەوبارەیەوە، ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا داوای پاراستنی کۆمپانیاکانی ئەوروپا دەکات لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
لەچوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی لووتکەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کە لە بولگاریا بەڕێوەدەچێت، ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لەبارەی کشانەوەی کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان لە ئێران، بەتایبەتی لەدوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە رایگەیاند، کۆمپانیاکانی ئەوروپا کە لەئێران کار دەکەن، سەربەستن لە بڕیاردان سەبارەت بە مانەوە یان کشانەوە لە رێککەوتنە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
سەرۆکی فەڕەنسا لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا داوای لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاش کرد، کار بۆ پاراستنی کۆمپانیاکانی ئەوروپا بکەن لە سزاکانی ئەمریکا کە بەنیازە بەسەر ئێرانیدا بسەپێنێت و رێگە نەدرێت ئەو کۆمپانیایانە، رووبەڕووی سزای دارایی ببنەوە.