‘بەغدا بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی نێوان سلێمانی و توركیا هەوڵی جدی داوە”

دۆسیەی ڕاوەستانی گەشتەكانی نێوان سلێمانی و توركیا ڕادەستی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق كراوە و هەرێمیش لەوبارەیەوە رونكردنەوە دەدات.

ئومێد محەمەد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی‌ هەرێم لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، دۆسیە گەشتەكانی نێوان سلێمانی و توركیامان ڕادەستی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی عیراق كردوە.

ئەو بەرپرسەی هەرێم جەختیشكردوەتەوە، بەغدا بۆ دەستپێكردنەوەی ئەو گەشتە هەوڵی جدی داوەو كاری لەسەركردوە، بەڵام تائێستا ئەو هەوڵانە دەرئەنجامی نەبووە و حكومەتی توركیا ئامادەنییە، گەشتەكانی لەگەڵ سلێمانیدا دەستپێبكاتەوە.

پاش نزیكەی شەش مانگ بەسەر بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە، ڕۆژی ١٥-٣-٢٠١٨،حكومەتی عێراق بڕیاریدا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم هەڵبگرێت بەڵام حكومەتی توركیا بەبیانوی نائارامی پارێزگاكە لەڕووی ئەمنی و هەروەها هاوكاریی یەكێتیی بۆ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (پەكەكە)، ئەو وڵاتە ئامادە نەبوو گەشتەكانی نێوان توركیاو سلێمانی دەستپێبكاتەوە.