وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، داڕشتنی نه‌خشه‌ی گشتی دروستكردنی هێڵی ئاسنین له عێراق ته‌واوكراوه و به‌م نزیكانه‌ش ده‌خرێته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و بۆ جێبه‌جێكردنیشی بڕی 40 ملیار دۆلاری ده‌وێت.
به‌نگین رێكانی جێگری وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق به سۆمه‌ریه نیوزی رایگه‌یاند، نه‌خشه‌ی دروستكردنی هێڵی ئاسنینی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی باش ته‌واوبووه و به‌م نزیكانه ده‌خرێته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی و پرۆژه‌كه خزمه‌تێكی زۆر به هاووڵاتییانی عێراق ده‌كات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه بڕی تێچونی ئه‌و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه به 40 ملیار دۆلار خه‌مڵێنراوه، ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌كه‌ش له ناوچه‌ی فاوی باشوری عێراق ده‌بێت و به به‌سره و عه‌ماره و كوت و پاشان به‌غدا و به‌عقوبه و سلێمانی و هه‌ولێر و موسڵ تێپه‌ڕده‌بێت و له زاخۆ كۆتایی دێت.