هەندێ لە کۆمپانیا بیانییەکان کە لە ئێران وەبەرهێنانیان کردووە دەکشێنەوە

لەگەڵ دەرچوونی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران لەلایەن ئەو وڵاتەوە، هەندێ لە کۆمپانیا بیانییەکان کە لە ئێران وەبەرهێنانیان کردووە خەریکە دەکشێنەوە، لەوانە کۆمپانیای سیمێنسی ئەڵمانی و توتاڵی فەرەنسی. 

کۆمپانیای کەشتیوانی مولر مرسک کە گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوەی دەریاییە رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا چالاکییەکانی خۆی لە ئێران رادەگرێت.

بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە، ئەگەر کۆمپانیای تۆتاڵ لە پڕۆژەی پارسی باشوور بکشێتەوە، کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی چین جێگای دەگرێتەوە و ئەگەر چینییەکانیش بکشێنەوە، وەبەرهێنان لەو کێڵگە نەوتییەدا بە کۆمپانیایەکی ئێرانی دەدرێ. 

دەربارەی کشانەوەی کۆمپانیاکان، رەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ئێران ئاشکرای کردووە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری ئابووری و وزەی ئەڵمانیا دڵنیا بوونەتەوە کە کۆمپانیای سیمێنس پابەندی گرێبەستەکانی دەبێت و هەروەها 120 کۆمپانیای دیکەی ئەڵمانیش درێژە بە چالاکییەکانیان لە ئێران دەدەن.