لە بازاڕەکانى گەرمیان نرخى کیلۆیەک مریشکى زیندوو بە سێ هەزار دینار دیاریکرا

نرخى مریشکى زیندوو لە بازاڕەکانى سنورى گەرمیان بە شێوەیەکى بەرچاو ڕووى لە بەرزبوونەوە کردووە و قایمقامییەتى کەلاریش نرخەکەى بە سێ هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک دیاریکرد.

لە ڕاگەیەنراوێکى قایمقامییەتى قەزاى کەلاردا هاتووە، قایمقامی کەلار له ئیدارەی گەرمیان بەئامادەبوونی قایمقامی کفری و لايەنه پەیوەندارەکان سەبارەت به نرخى مريشكی زيندوو له بازاردا کۆبونەوە و بڕیارێکیان دەرکرد.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیاردراوە نابێت نرخی یەک کیلۆ مریشکى زیندوو له سێ هەزار دینار زياتر بفرۆشرێت بە هاوڵاتی.

ئاماژەى بەوەشکردوە، لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتەوە چاودێرى بازاڕەکان دەکرێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات روبەروی یاسادەکرێتەوە.

لەماوەکانى پێشوودا بەهۆى ئەوەى ڕیگە لە چوونى مریشکى زیندوو بۆ ناوچەکانى خوارو ناوەڕاستى عێراق دەگیرا بەوهۆیەوە نرخى مریشک بەشێوەیەکى بەرچاو ڕووى لە دابەزین کرد، لە ئێستاشدا کە جارێکى ڕێگە بەبردنى مریشکى زیندوو بۆ ناوچەکانى خوارو ناوەڕاستى عێراق دەدرێت نرخى مریشک بەرزبوونەوەى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە.