حكوومه‌تی ئێران داوای یارمه‌تی له‌ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانی چین ده‌كات

حكوومه‌تی ئێران داوای یارمه‌تی له‌ كۆمپانیا هاورده‌كانی نه‌وتی چین ده‌كات بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ كاره‌كانیان له‌گه‌ڵ تاران دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای ئابووری به‌سه‌ر ئێران و ئه‌و كۆمپانیایانه‌ سه‌پاند كه‌ بازرگانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی تاران ده‌كه‌ن.

ئاژانسی رۆیته‌رز له‌ هه‌واڵێكدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، سه‌عید خه‌شرۆ به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی نه‌وتی ئێران له‌ چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جیادا چاوی به‌ گه‌وره‌ به‌پرسان و به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی په‌كین كه‌وتووه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوای پارێزگاری و به‌رده‌وامبوون له‌ بازرگانی و هاورده‌كردنی نه‌وت له‌ نێوان ئێران و چین كردووه‌.

ئێران له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ پارێزگاریكردن له‌ ڕێككه‌وتنی ناوكییه‌كه‌ی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سزاكانی كه‌ بازرگانییه‌ نه‌وتییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتان ده‌گرێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا و دۆناڵد تره‌مپه‌وه‌ به‌سه‌ری سه‌پێنرا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش داوای له‌ بازرگانان و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی چین كردووه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ هاورده‌كردنی نه‌وت له‌ ئێرانه‌وه‌، به‌ڵام هیچ گره‌نتی و دڵنیایییه‌كیان لێ وه‌رنه‌گرتووه‌. 

چین گه‌وره‌ترین هاورده‌كاری نه‌وتی ئێرانه‌ ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی 655,000 به‌رمیل نه‌وت له‌ تارانه‌وه‌ بۆ چین هاورده‌ ده‌كات.