نرخی شوتی بەرەو گرانبون دەڕوات و ھاوردەکردنیشی قەدەغەدەکرێت تائێستاش بەرھەمی ناوخۆی پێنەگەشتووە.
عەتا محەمەد نوێنەری کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی ڕایگەیاند: لەئێستادا بەبڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ لە ٥/١٥ ھاوردەکردنی شوتی ئێرانی قەدەغەکراوە و ڕێگەنادرێت بێتە ھەرێم و گومرگی زۆری لەسەر داندراوە.
ڕاشیگەیاند: بەھۆی بارینی باران و ساردی کەشوھەوای ئەم وەرزە تائێستا شوتی ناوخۆ بەرھەم نەھاتووە و ھیچ بەرھەمێکی ناوخۆیمان نیە وە بەدیلی دیکەشمان نیە بۆیە قەدەغەکردنی ھاوردەکردن شوتی لەئێستادا دەبێتە گرانبونی نرخ بەتایبەت لەگەڵ نزیکبونەوەی مانگی ڕەمەزاندا ھاوڵاتیانیش خواستیان لەسەر شوتی زیاد دەبێت.
نرخی کیلۆیەک شوتی لەناو عەلەوەی سلێمانی لە ٢٥٠ دینارەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٧٥٠ دینار.
نوێنەری كاسبکارانی عەلوەی سلێمانی داواش دەکات ئیدارەی سلێمانی و وەزارەت و حکومەت ئەو بڕیارە بۆ ٢٠ ڕۆژی دیکە ڕاگرن ھاوردەکردن ئاسای بێتەوە بۆئەوەی نرخ لەسەر ھاوڵاتیان زیاد نەکات.
عەتا محەمەد ئەوەشی ڕاگەیاند: لەئێستادا نرخی خەیاری خانوە پلاستیکیەکان بەرزبۆتەوە کەئەمەش جێگەی دڵخۆشیە بۆ خاوەن خانوە پلاستیکیەکان و پشتیوانیەکی بەھێزە بۆکاری جوتیاران لە کوردستاندا.