قائیمقامیەتی سلێمانی ئامادەكارییەكانی بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ڕاگەیاندو هۆشداری توندیشی دایە ئەو كەسانەی لەڕەمەزاندا نرخی شمەك و كاڵاكان بەرز دەكەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئایاری 2018، ئاوات محەمەد قائیمقامیەتی سلێمانی لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئامادەكارییەكان بەمەبەستی پێشوازیكردن لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان كراوەو ڕێكەتن كراوە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی و مۆلیدە ئەهلیەكان بەمەبەستی پێدانی كارەبا لەكاتی بەربانگ كردنەوە و پارشێو ئەو كاتانەی دیكە كە هاوڵاتیان پێویستیانە بۆ جێبەجێكردنی ئەركە ئاینیەكانیان.
سەبارەت بە دابەشكردنی ئاوی ماڵان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، ئاوات محەمەد ووتی: بەهۆی زۆری بارانبارینەوە كێشەی كەمی ئاومان نابێت لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا و بە شێوەیەكی یەكسان دابەش دەكرێت.
هەروەها لەسەر پرسی بەرزبونەوەی نرخی شمەك و كاڵاكان لە مانگی ڕەمەزاندا، ئەوەی خستەڕوو: چاودێری بازرگانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێوشێوێنی پێویست دەگرنەبەر بەمەبەستی بەرز نەبونەوەی نرخ و دابینكردنی خۆراكی سەلامەت بۆ هاوڵاتیان و هەر كەس و لایەنێك ئەو مانگە بقۆزێتەوە بۆ بەرزكردنەوەی نرخ رێوشوێنی پێویستی لەگەڵ دەگیرێتەبەر.