“داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ مانگی رابردوو (7.67) ملیار دۆلار بووه‌ “

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاشكرایكرد كه‌ مانگی تشرینی دووه‌می رابردوو عێراق 73 ملیۆن و 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كردووه‌ و له‌ فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته‌ش 7 ملیار و 672 ملیۆن دۆلار داهاته‌كه‌ی بووه‌. 
عاسم جیهاد گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، سه‌ره‌ڕای خراپی كه‌شوهه‌وا له‌ به‌نده‌ره‌كانی باشوور و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم، ئاستی هه‌نارده‌كردن و داهاتی نه‌وتی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردوه‌، 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ له‌ ماوه‌ی ئاماژه‌ پێدراودا له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگای به‌سڕه‌ 64  ملیۆن و 900 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌كراوه‌ كه‌ داهاته‌كه‌ی 6 ملیار و 820 ملیۆن دۆلار بووه‌. هه‌روه‌ها ئاست و رێژه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوكیش گه‌یشتۆته‌ 8 ملیۆن و 200 هه‌زار به‌رمیل و داهاته‌كه‌شی 870 ملیۆن دۆلار بووه‌، تێكڕای نرخی فرۆشتنی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتیش به‌ 104 دۆلار و 92 سه‌نت بووه‌.