وەزیری ئابووریی تورکیا، نیهاد زەیبەکچی رایگەیاند، “ئەمریکا لەسەدا ٢٥ گومرکی زیادەی خستووەتە سەر ئاسن و پۆڵا و لەسەدا ١٠ گومرکی زیادەی خستووەتە سەر ئەلەمنیۆمی هەناردەکراو بۆ ئەو وڵاتە و ژمارەیەک وڵاتیش لەم رێکارە بەخشراون”.
نیهاد زەیبەکچی جەختی لەوەکردەوە کە ژمارەیەک لە وڵاتان بۆ ماوەیەکی کاتیی و ژمارەیەکی دیکەیان بە هۆی کۆتاوە لە بڕیارەکە بەخشراون کە بریتین لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، کۆریای باشوور، بەڕازیل، مەکسیک و کەنەدا.
وەزیری ئابووریی تورکیا باسی لەوەکرد کە تورکیا، هیندستان و چین لەو رێکارە نەبەخشراون و ئاماژەی بەوەکرد لای خۆیانەوە بە نووسراو و زارەکی پەیامی خۆیان گەیاندووەتە کاربەدەستانی ئەمریکا.
وەزیری ئابووریی تورکیا ئاشکراشیکرد وڵاتەکەی کورتهێنانی بازرگانی لە سێکتەری ئاسن و پۆڵادا لەبەرامبەر ئەمریکادا هەیە و وتی: “لە کاتێکدا ئێمە بە بڕی یەک ملیارو ١٨٠ ملیۆن دۆلار هەناردە بۆ ئەوێ ئەنجامدەدەین، بە بڕی زیاتر لە یەک ملیارو ٣٠٠ ملیۆن لەوێوە هەناردە دەکەین. ئێمە ئەمانەمان پێوتوون و بە شێوەیەکی زۆر روون بۆمان باسکردوون. ئەوەشمان گوتووە کە پێویستە تورکیا لە دەرەوەی ئەم رێکارە بێت. لەسەر ئاستی رێکخراوی بازرگانی جیهانییش ژمارەیەک هەوڵمانداوە. دوایین جار، بە ئاگادارکردنەوەیان لەم هەفتەیە بەدواوە، وەک تورکیا هەنگاو دژی ئەو بڕیارە دەگرینە بەر. پێمان وتن ئێمەش بە هەمان شێوە لەو هاوردەیەی دەیکەین، بە گرتنەبەری هاوشێوەی ئەو رێکارەی ئەوان گرتوویانەتە بەر، رێکار لەبەرامبەرتاندا دەگرینەبەر. خێراتر ئەم رێکارانە دەگرینەبەر. بۆ لەمەودوا ئەگەری هەیە بچینە قۆناغێکەوە لە بازرگانی لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا کە کاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر ئەمریکا هەبێت، بەڵام ئێمە سەرجەم دەرگاکانی گفتوگۆ بە کراوەیی دەهێڵینەوە”.