سێیه‌م پردی ده‌روازه‌ی سنوریی ئیبراهیم خه‌لیل كرایه‌وه‌

سێیه‌مین پردی دوساید له‌ ده‌روازه‌ی سنوریی خاپور-ئیبراهیم خه‌لیل كرایه‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت لەسەر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ره‌باڵغی و پاڵه‌په‌ستۆیه‌ی له‌سه‌ر دو پرده‌كه‌ی دیکەی ئه‌و ده‌روازه‌ سنورییه‌ی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

به‌پێی ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی وه‌زاره‌تی گومرگ و بازرگانی توركیا رایگه‌یاندوه‌، سێیه‌مین پردی ده‌روازه‌ی سنوریی خابور-ئیبراهیم خه‌لیل “خابور-٣” كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگای شرنه‌خ و پارێزگای دهۆك ئیمزا له‌سه‌ر پڕۆتۆكۆڵی بونیاتنانی كرابو له‌ هەشتی ئایاره‌وه‌ خراوه‌ته‌ كار.

وه‌زاره‌تی گومرک و بازرگانی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌‌ به‌ر له‌ كه‌وتنه‌ كاری پرده‌ نوێیەكه‌، ئۆتۆمبێله‌کانی بارهه‌ڵگر و گه‌شتیاریی کە له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌هاتنە ناو خاکی توركیا له‌ سایدی جیاوازه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ ناو به‌شی گومرک و هاتنی هه‌ردو جۆره‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ هه‌مان پرددا ده‌بوه‌ هۆی قه‌ره‌باڵغی و جه‌نجاڵی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتوه‌ “له‌ ساڵی ٢٠١٧دا، كاروباری یه‌ك ملیۆن و ٤٢١ هه‌زار و ٩٩٦ ئۆتۆمبێل و دو ملیۆن و ٥٣٤ هه‌زار و ٣٥٩ گه‌شتیار و له‌ كۆتایی مانگی نیسانیشه‌وه‌ كاروباری ٤١١ هه‌زار و ٢٩٦ ئۆتۆمبێل و ٨١٦ هه‌زار و ٦٦٨ گه‌شتیار له‌ ده‌روازه‌ی سنوری خابور راییكراوه‌. به‌ كردنه‌وه‌ی پردی سێیه‌م له‌و ده‌روازه‌یه‌دا كاره‌كان خێراتر رایی ده‌كرێن. له‌ یه‌كه‌م قۆناغدا ده‌ستكراوه‌ به‌ هاتنی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر له‌ پردی ‘خابور-‘ه‌وه‌”.