كتێبی (ئابووریی دارایی گشتی)

لەچواچێوەی هەوڵەكان بۆ دەوڵەمەندكردنی زیاتری كتێبخانەی كوردی بواری زانستی ئابووری و دارایی و گرنگی بەتوێژینەوەكانی ئەو بوارە، كتێبی (ئابووریی دارایی گشتی) كەوتە بەر دیدی خوێنەران كە لەلایەن فەیسەڵ عەلی سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان و راوێژكاری ئابووریی رۆژنامەی كوردستانی نوێوە نووسراوە.
كتێبی (ئابووریی دارایی گشتی)، كارێكی زانستی تری نووسەرە لەبواری زانستی ئابووری‌و دارایی‌و وەك خۆی لەپێشەكەی كتێبەكەدا نووسیویەتی: ((ئامانجی ئەم كتێبە، كۆڵینەوەیەو چالاكییە داراییەكانی دەوڵەت دەخاتەڕوو، كە لەگەڵ پەرەسەندنی رەوشی ئابووری‌و كۆمەڵایەتییدا كاریگەری لەئاراستەكردنی سیاسیەتی ئابوورییدا زیاتر دەبێت‌و بەشداری بەرچاو لە دەستەبەركردنی ئامانجە ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و كلتورییەكاندا دەكات‌و پارێزگتاری لەسەقامگیری ئابووری‌و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەش دەكات)).
فەیسەڵ عەلی نووسیویەتی:((ئەم كتێبە بەسەر چوار دەروازەدا دابەشكراوە، دەروازەی یەكەمیان لەپێداویستی گشتی، پەرەسەندنی رۆڵی دارایی گشتی‌و پێناسەو جیاوازی نێوان دارایی گشتی‌و دارایی تایبەت‌و پەیوەندیی بە زانستەكانی ترەوە دەكۆڵێتەوە. دەروازەی دووەم، لەخەرجی گشتی‌و رێساكانی‌و قەبارەو پەیكەرو پەرەسەندنی دەكۆڵێتەوە. هەروەها هۆكارە راستەقینە‌و ناڕاستەقینەكانی زیادبوونی‌و كاریگەرییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆكانی لەسەر دووبارە بەشینەوەی داهاتی نیشتمانی كۆڵینەوە دەكات)).
لەبارەی دەروازەی سێیەمەوە، نووسەر ئاماژە بەوە دەكات، لەدەستهاتی گشتی‌و جۆرەكانی هەر لەدۆمێنی گشتی‌و رەسم‌و باجی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ و قەرزی ناوخۆیی‌و دەرەكی‌و دەرچواندنی پارەی نوێ‌و كاریگەرییە ئابوورییەكانی دەكۆڵێتەوە.
دەروازەی چوارەمی كتێبی (ئابووریی دارایی گشتی)، تایبەتە بە بودجەی گشتی دەوڵەت، پێناسەو جیاوازیی لەگەڵ ئەژمارەكانی تر، پرنسیپەكانی بودجەی گشتی‌و ئەو قۆناغانەی بودجەی تێپەڕ دەبێت، هەر لەڕووی ئامادەكردن‌و پەسەندكردن‌و جێبەجێكردن‌و چاودێری كردنییەوە.
لە بەرهەمە نوێیەكەیدا، سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، زانستی دارایی گشتی، لەگەڵ پەرەسەندنی رۆڵی دەوڵەت لەكاروباری ئابوورییدا، پێگەی لەناو زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا بەهێزتر بووە، بەوەی كە رۆڵێكی ئەرێنی لەڕەوتی ژیانی ئابووری‌و كۆمەڵایەتیدا دەگێڕێت.
 
دارایی گشتیی ئامرازێكی گرنگی سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتە بۆ ئاراستەكردنی ئابووریی نیشتمانی، كە لێوەی زامنی دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی بۆ تاكەكانی ناو كۆمەڵگە دەكات، وێڕای دەستەبەركردنی رێژەیەكی بەرزتری گەشەی ئابووری.
بەناوی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌و ستافی یەكەی ئابووری‌و بازاڕەوە، وێڕای پیرۆزباییمان لەنووسەر، بە ئومێدین ئەم كتێبە زانستییە كەلێنێكی تری كتێبخانەی ئابووری پڕ بكاتەوەو كەڵكی بۆ خوێندكاران‌و كەسانی بایەخدار بە زانستی ئابووریی دارایی گشتی هەبێت.