چۆن هەناردەى نەوتى ئێران کاریگەر دەبێت بە هەرەسهێنانى ڕێککەوتننامەى ئەتۆمى؟


لەگەڵ پاشەکشێى ئەمەریکا لە ڕێکەوتننامەى ئەتۆمى واژۆ کراو لە نێوان ئێران و کۆمەڵى نێودەوڵەتى (5+1)، کەرتى نەوتى ئێران زۆرترین زیانى بەر ئەکەوێت بەو پێیەى کە سزا ئابورییەکان دەسەپێنرێتەوە بەسەر ئێران و ڕێگرى ئەکرێت لە گەیشتنى نەوتى ئێران بۆ بازاڕە نێو دەوڵەتییەکان. ئەڵبەتە بەر لە دوو ساڵ و بەهۆى سوک بوونى سزا نێو دەوڵەتییەکان، کەرتى نەوتى ئێران بوژانەوەی بەخۆوە بینی بەهۆى زیاد بوونى پشکى هەناردە کردنى نەوتى ئێران.  

پێشبینیش ئەکرێت کە کاریگەرى سزاکانى ئەمریکا ئەمجارە سنوردار بێت، ئەویش نەک لەبەر ئەوەى زۆرینەى هێز نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئەو هەنگاوەى ئەمەریکادا نین، بەڵکو بەهۆى ئەو بارگرژییەى کە باڵى بەسەر پەیوەندییەکانى ئەمەریکا و هێزە نێو دەوڵەتییەکاندا کێشاوە و لە پێشیانەوە چین ئەویش لەبەر ئەو جەنگە بازرگانییەى لە نێو ئەو دو وڵاتەدا هەیە. 

دەست کەوتەکانى ڕێک کەوتننامەى پێشوو
ڕێکەوتننامەى واژۆ کراو لە نێوان ئێران و کۆمەڵەى 5+1 لە کانونى دووەمى ساڵى 2016 ، دەست کەوتێکى ئابورى گەورە بوو بۆ ئێران، بەو پێیەى کە هەڵگرتنى سزا نێودەوڵەتییەکان بووە هۆى ئەوەى کە ئێران بتوانێت پشکى خۆى بەدەست بهێنێتەوە لە هەناردەکردنى نەوت بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا و ئەمەش بووە هۆى ڕاکێشانى وەبەر هێنانى بیانى بۆ پڕۆژە جیاوازەکان بە تایبەت کەرتى نەوت و گازى سروشتى. 
لە کۆتایی مانگى نیسانى 2018 ، ئاستى هەناردە کردنى نەوتى ئێران ژمارەیەکى پێوانەیی شکاند و گەیشتە 2.83 ملیۆن بەرمیل. واتە دوو هێندە و نیوى ئەو بڕەى کە پێش ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکە هەنادرە دەکرا. ئەو کاتە یەک ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکرا. هاوکات ئاستى بەرهەم هێنانى نەوتیش ڕووى لە زیاد بوون کرد و گەیشتە 3.82 ملیون بەرمیل لە ڕۆژێکدا. 

لە هەمان کاتدا گەڕانەوەى ئێران بۆ ناو بازاڕەکانى نەوتى جیهان، هانى بەکار بەرەکانى دا تا ئاستى کڕینیان لە ئێران زیاتر بکەن بە تایبەت بەهۆى سەرنج ڕاکێشی بەهاى نەوتى خاوى ئێران لەوانە ئەوروپا کە دەستى گرتبوو بەسەر سێ بەشی هەناردەى نەوتى ئێران بە ڕێژەى 700 بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

 پێشتر هەناردەى نەوتى ئێران بە ڕێژەى 60% بۆ 70% ئاڕاستەى بازاڕەکانى ئاسیا دەکرا و چین لە ساڵى 2017 گەورەترین کڕیارى نەوتى ئێران بوو و دواى چینیش وڵاتەکانى هند، کۆریاى باشور، یابان و تایوانى لە گەورە کڕیارانى نەوتى ئێران بوون. 
دەست کەوتەکانى ئێران تەنها لە بوارى فرۆشتنى نەوتدا نەبوو، بەڵکو گازى سروشتیشی گرتەوە بە شێوەیەک کە ڕۆژانەى 850 ملیۆن مەتر چوارگۆشە گاز بەرهەم ئەهێنرا. ئەمەش پلانى ئێرانى بەهێزتر کرد بۆ گەیاندنى گازى ئێران بۆ وڵاتانى درواسێ. 

گوشارەکانى ئەمەریکا
ئیدارەى ئەمەریکا لە دواى دەست بەکار بوونى ترامپەوە لە کانونى یەکەمى 2017 گومانى هەبووە لەوەى کە ڕێکەوتننامەى ئەتۆمى بتوانێت گوشارێک لەسەر ئێران دروست بکات و پڕۆگرامى ئەتۆمى و موشە دوور هاوێژەکانى سڕ بکات و کارە دوژمنکارەکانى دژ بە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بوەستێنێت. 

لەدواى دەسەڵات گرتنە دەست، ترامپ لە چەندین بۆنەدا ئاماژەى بەوە داوە کە لە ڕێکەوتنەکە دەکشێتەوە ئەگەر هاوبەشەکانى دیکەى وەک چین، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ڕوسیا و بەڕیتانیا کەلێنەکانى ئەو ڕێکەوتنە پڕ نەکەنەوە. دواى ئەوەش کە هێزە نێودەوڵەتییەکان سستیان نواند لە چاککردنى ئەو ڕێکەوتنە، ئیدارەى ئەمەریکا لەماوەى چەند مانگى ڕابوردوودا سزاکانى سەر ڕژێمى ئێران و کۆمپانیاکانى سەر بە سوپاى پاسدارانى زیاتر کرد کە دواترینیان سەپاندنى سزا بوو بەسەر 14 کەسایەتى و دامەزراوەى ئێرانی لە نێویاندا ێادق لاریجانى سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى. 

لە ترسی سزاکانى ئەمەریکا زۆرێک لە کۆمپانیا بیانیەکان خۆیان بەدوور گرت لەوەى کە وەبەرهێنان لەناو ئێراندا بکەن ولەبەرامبرەدا ئێرانیش نەیتوانى زۆرێک لە گرێبەستە بازرگانى و وەبەرهێنانەکانى لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانى وەک بۆینگى ئەمەریکی و ئێرباس و تۆتالى فەڕەنسی جێبەجێ بکات. 

هەڵوێستى ئەمەریکا لەگەڵ دەست بەکار بوونى مایک پۆمپیۆ وەک وەزیرى دەرەوە لە جێگەى تیلەرسۆن و جۆن بۆڵتۆن وەک ڕاوێژکارى ئاسایشی نەتەوەیی، توند بوونەوەى زیاترى بەخۆوە بینی بەو پێیەى کە ئەو دوانە دژایەتى توندى ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە ئەکەن لەگەڵ ئێران. 

چەند گریمانەیەک
کشانەوەى ئەمەریکا لە ڕێکەوتنامەى ئەتۆمى هەڕەشەیەکى گەورە دروست ئەکات بۆسەر ئابورى ئێران بە تایبەت ئەگەر بتوانێت بە تەواوەتى ڕێگرى بکات لە گەیشتنى نەوتى ئێران بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان. ئەڵبەتەئاستى زیانەکان پەیوەستە بە ئاستى پابەند بوونى هێزە نێو دەوڵەتییەکانى دیکە بە سزا ئەمەریکییەکانەوە. 

ئێران لەلاى خۆیەوە ئامادەیی خۆى دەربڕیوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى سزا ئەمریکییەکان لەسەر کەرتى نەوت و لەسەر زارى بێژەن زەنگەنە وەزیرى نەوتى ئێران جەخت ئەکاتەوە لەسەر ئەوەى کە تەواوى ڕێوشوێنە پێویستەکان ئەگرێتە بەر لە پێناو پاراستنى ئاستى هەناردەکردنى نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە ئێران کار لەسەر داشکاندنى زیاترى نرخەکانى ئەکات بە ئامانجى هاندانى کڕیارى زیاتر و مسۆگەر کردنى گەیشتنى نەوتى خاو بۆ بازاڕە نێو دەوڵەتییەکان. 

هەر لەو چوار چێوەیەشدا زۆر دەوڵەتى دیکە هەیە لەسەر ئاستى ناوچەکە و جیهان کە ئامادە نییە پاشەکشێ لە داواکارییەکانى بکات لە بەر خواستى ئەمەریکا، لە سەروى ئەو وڵاتانەش چینە کە بە هۆى شەڕى بازرگانى، بارگرژى کەوتۆتە نێوانیانەوە. سەربارى ئەوەى کە ڕەنگە چین و دواتر هندستان ئەمە بە دەرفەتێکى باش بزانن تا بە داشکاندنى زیاتر لە نرخدا نەوتى خاوى ئێرانیان دەست بکەوێت. 

وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا سەربارى دەربڕینی ناڕەزایەتى لە پاشەکشێى ئەمەریکا لە ڕێکەوتنامەى ئەتۆمى، بە ئەگەرى زۆر پەیڕەوى لە هەر سزایەکى ئەمەریکا ئەکەن کە بخرێتە سەر ئێران. ئەمەش بە ماناى ئەوەدێت کە ئەگەر هەیە گەیشتنى نەوتى ئێران بۆ هەندێک لەبازاڕەکانى ئەوروپا و ئاسیا بە ڕێژەى 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل کەم بکات و پێشبینیش ئەکرێت لە داهاتوودا ئەو رێژەیە بەرز بێتەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل.

لەگەڵ ئەوەشدا چین و هند ئەتوانن قەرەبووى کەم بوونەوەى هەناردەى نەوتى ئێران بکەن بۆ هەندێک لە بازاڕەکانى جیهان، ئەمەش بە ماناى ئەوە دێت کە ئێران بەردەوام ئەبێت لەسەر هەناردە کردنى نەوت بەڵام تەنها ئاڕاستەى هەناردەکردنەکە گۆڕانى بەسەردا دێت. ئەگەر چینیش ئەو هەنگاوە نەنێت نرخى نەوت بەرزبوونەوەى بەرچاوە بەخۆوە ئەبینێت. بە پێى زانیارى یەکەى زانیارى سەر بە گۆڤارى ئیکۆنۆمیستى بەڕیتانى، نرخى نەوتى برێنت لە نێوان 5 بۆ 7 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک زیاد ئەکات لە نێوان ساڵەکانى 2018 و 2019 و بەم شێوەیە نرخى نەوت لە سەروو 70 دۆلار دەمێنێتەوە بۆ هەر بەرمیلێک ئەمەش شتێک نییە کە بە خواستى چین و تەنانەت ئەمەریکاش بێت. بەڵام بێگومان سەپاندنى سزاى نوێ دەبێتە هۆى پەکخستنى هەنگاوى کۆمپانیا بیانییەکان بۆ وەبەرهێنان کردن لە کەرتى نەوت و گازى سروشتى ئێران لەوانە گرێبەستى توتالى فەڕەنسی بۆ پەرەدان بە قۆناغى 11 ى کێڵگەى پارسی باشورن بەم شێوەیە کۆتایی بەخەونى ئێران ئەهێنرێت بۆ پەرەدان بە تواناى بەرهەم هێنانى نەوت و گازى سورشتى.  

ن: ئیبراهیم غیتانی
ئا: بەختیار کاکى