شارەوانی سلێمانی ئاماری كار و پرۆژه‌كانی له‌ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠١٧ بڵاوده‌كاته‌وه‌

بەگوێرەی ئامارو داتاكانی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی كە تایبەتە بەكارو پڕۆژەكانی ئیدارەی سلێمانی و شارەوانی سلێمانی‌و لەماڵپەڕی رەسمی خۆی بڵاویكردۆتەوە، لەدوای راپەڕێنە مەزنەكەی ساڵی 1991ەوە تا سەرەتای ساڵی 2017، كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری گرنگ لەهەموو بوارەكاندا لەسنووری شارەوانی سلێمانی جێبەجێكراون،، خزمەتێكی زۆری شاری سلێمانی‌و دەوروبەری كردوەو بۆتە مایەی گەشەیەكی زۆری شارەكە لەزۆربەی سێكتەرەكاندا.

هەندێك زانیاری‌و ئامار لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە
بەپێی بڵاوكراوەكەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی كە بەناونیشانی (با هەموومان پێكەوە خزمەت بە شارەكەمان بكەین) بڵاوكراوەتەوە، لەپێش راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991، تەنها (16) قەزا لەهەرێمی كوردستان هەبووە، بەڵام تاساڵی 2017 ژمارەكە نزیكەی دوو هێندە زیادیكردوەو گەیشتۆتە (33) قەزا، هاوكات ژمارەی ناحیەكان لە (33) ناحیەوە بۆتە (114) ناحیە، هاوكات لەپێش راپەڕین (651) گوند لەهەرێم هەبووە، بەڵام تاساڵی 2017 گەیشتۆتە (4381) گوند، ژمارەی گەڕەك لە (193) گەڕەكەوە بۆتە (1152)، لە ( 1320) خوێندنگەوە بۆ (6160) خوێندنگە، لە یەك زانكۆی حكومییەوە بۆ (14) زانكۆ، لەهیچ زانكۆیەكی ئەهلییەوە بۆ 10 زانكۆی ئەهلی، لەسێ پەیمانگاوە بۆ (27) پەیمانگا، لە (27) نەخۆشخانەوە بۆ (69)، لە (163) بنكەی تەندروستی بۆ (991)، هاوكات تاپێش راپەڕین هیچ كۆمپانیایەكی ناوخۆیی‌و بیانی بوونی نەبووە، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە (14251) كۆمپانیا لەهەرێمی كوردستان تۆمار كراون. ئەمە جگە لەبوونی (31) كونسوڵخانەو نووسینگەی دیبلۆماسی و دوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی.

بواری نیشتەجێبوون‌و دیمۆگرافیا
بەپێی بڵاوكراوەكەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی پێش ساڵی 1991 بریتی بووە لە 951 هەزارو 723 كەس، بەڵام لەساڵی 2017دا ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاكە بۆ دوو ملیۆن‌و 210 هەزارو 879 كەس زیادیكردووە.
هاوكات، ژمارەی ئەو یەكە نیشتەجێبوونانەی كە تا ساڵی 2017 لەسنوورەكە جێبەجێكراون بریتییە لە 620 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون، ژمارەی خێزان 420 هەزار خێزان، هاوكات تاپێش ساڵی 1991 تەنها 18 گوند لەسنوورەكە مابوو، بەڵام تاساڵی 2017 گەیشتۆتە دوو هەزارو 248 گوند، ژمارەی قەزایش لەپارێزگاكە لە پێنج قەزاوە بۆ 16 قەزا زیادكراوە، ناحیەش لە چوار ناحیەوە بۆ 46 ناحیە، رێژەی ئەو خێزانانەشی كە خاوەنی خانووی خۆیان بوون تا پێش راپەڕین بریتی بووە لە (46%)، بەڵام تاساڵی 2017 رێژەكە بۆ (76%) زیادیكردوە، ژمارەی خێزانی كرێچیش لە (54%)ەوە بۆ (15%) كەمی كردووە، ژمارەی گەڕەكەكانی سلێمانی تاپێش راپەڕین بریتی بووە لە (37) گەڕەك، بەڵام تاساڵی 2017 بۆ (213) گەڕەك زیادیكردوە، تاپێش راپەڕین تەنها یەك پاركی سەوزایی گەورە هەبووە، بەڵام دواتر ژمارەی بۆ هەشت پارك زیادیكردووە، ژمارەی باخچەی گەڕەكیش كە پێش راپەڕین بوونی نەبووە، تا ساڵی 2017 523 باخچە دروستكراوە، رووبەری سەوزایی لەسلێمانی تاپێش راپەڕین بریتی بووە لە (0,08%)، بەڵام لە 2017 رێژەكە بۆ 13% زیادیكردوە، هاوكات تاساڵی 2017، 63 هەزارو 992 هاووڵاتی خانوویان دروستكردوەو 40 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیش لەسنوورەكە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروستكراوەو تاساڵی 2017یش 20 هەزارو 843 پارچە زەوی دابەشكراوە.

بواری تەندروستی
هەر لە بڵاوكراوەكەدا ئەوە خراوتەڕوو، كە ژمارەی نەخۆشخانە حكومیەكانی سنووری سلێمانی تاپێش راپەڕین تەنها 11 نەخۆشخانە بووە، بەڵام لەساڵی 2017دا ژمارەكە گەیشتۆتە 36 نەخۆشخانە، ژمارەی نەخۆشخانە ئەهلیەكانیش تا ساڵی 2017، 16 نەخۆشخانە بووە، ژمارەی مەڵبەندو بنكەی تەندروستیش تا پێش راپەڕین بریتی بووە لە 100 بنكە، بەڵام لەساڵی 2017دا ژمارەكەی گەیشتۆتە 524 بنكە، تاپێش راپەڕینیش تەنها 183 پزیشك لەسنوورەكە هەبووە، بەڵام تاساڵی 2017 ژمارەی پزیشكان گەیشتۆتە سێ هەزارو 329 پزیشك، 839 پزیشكی پسپۆڕ، 347 پزیشكی دەرمانساز، 503 پزیشكی ددان، ئەمەی جگە لەوەی تاپێش راپەڕین تەنها 960 كارمەندی تەندروستی لەسلێمانی هەبووە، بەڵام لەساڵی 2017 ژمارەكە گەیشتۆتە نۆ هەزارو 753 كارمەند.

بواری هۆتێل‌و گەشتوگوزار
كۆی گشتی هۆتێل لەسلێمانی تاپێش ساڵی 1991 بریتی بووە 18 هۆتێل، بەڵام تا ساڵی 2017 ژمارەكە گەیشتۆتە 282 هۆتێل، هاوكات هیچ هۆتێلێكی پێنج ئەستێرە تا پێش راپەڕین لەسلێمانی بوونی نەبووە، بەڵام لەساڵی 2017 حەوت هۆتێل هەیە.

بواری پەروەردەو زانكۆ و پەیمانگاكان
بەپێی راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، تاپێش راپەڕین 360 قوتابخانە هەبووە، بەڵام لەساڵی 2017دا ژمارەكە گەیشتۆتە دوو هەزارو 234 قوتابخانە، ژمارەی خوێندكارانیش لەو كاتە 191 هەزارو 183 خوێندكار بووە، بەڵام لە 2017 بۆتە 589 هەزارو 606 قوتابی، هاوكات ژمارەی مامۆستایان لە شەش هەزارو 736 مامۆستاوە بۆ 51 هەزارو 152 مامۆستا زیادیكردوە، ئەمە جگە لەوەی پێنج زانكۆی حكومی لەسنوورەكە هەیە كە نزیكەی 35 هەزار خوێندكاری هەیە لەگەڵ دوو هەزارو 736 مامۆستای زانكۆ، هاوكات چوار زانكۆی ئەهلی لەشارەكەدا هەیە كە تاساڵی 2017، نۆ هەزارو 353 خوێندكار تیایاندا خوێندوە.
هاوكات ژمارەی پەیمانگاكان لەسنوورەكە تاپێش راپەڕین تەنها پەیمانگایەك هەبووە، بەڵام لەساڵی 2017، 11 پەیمانگا لەسنوورەكە هەبووە، كە 13 هەزارو 74 خوێندكاری هەبووە لەگەڵ 635 مامۆستا، ئەمە جگە لەوەی تاساڵی 2017، 13 دایەنگای حكومی‌و 45 دایەنگای ئەهلی لەسنوورەكە هەبووە.

بواری هاتوچۆو گواستنەوە
بەپێی بڵاوكراوەكەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، كۆی گشتی مۆڵەتی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل تا سەرەتای ساڵی 2017 بریتییە لە 562 هەزارو 484 مۆڵەت، هەروەها كۆی گشتی ئۆتۆمبێلی جۆراو جۆری تۆماركراو تاساڵی 2017 بریتییە لە 459 هەزارو 124 ئۆتۆمبێل.
لەبارەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە، لەبڵاوكراوەكەدا هاتووە: فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی جگە لەوەی رۆژانە بۆ هاتۆچۆ و گەشتی هاووڵاتیان بەكاردەهێنرێت، هاوكات لەڕێگەی (كارگۆی فڕۆكەخانەوە) رۆژانە بە هەزارەها تۆن شمەك دەگوازرێتەوە.

بواری ئاو و ئاوەڕۆ
لە بڵاوكراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، تا ساڵی 2017 لە (86%)ی شاری سلێمانی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی پێگەیشتووە، هاوكات لە (83%)ی شارەكە تۆڕی ئاوەڕۆی بۆ دانراوە، ئەمە جگە لەوەی رۆژانە هەر هاووڵاتییەك پێویستی بە (320) لیتر ئاوی شیرین هەیە، بڕی پێداویستی ئاو بۆ شاری سلێمانی لەشەو و رۆژێكدا (350,000 مەتر سێجایە).

بواری پیشەسازیی
ئەوەش روونكراوەتەوە، كە لە (48%)ی هەموو پیشەسازیی عیراق دەكەوێتە هەرێمی كوردستانەوە كە (30%)ی ئەو رێژەیە دەكەوێتە شاری سلێمانییەوە بۆ نموونە: پێنج كارگەی چیمەنتۆ، چوار كارگەی ئاسن، پێنج كارگەی ئاوی خواردنەوە، دوو كارگەی خشتی پێشكەوتوو، هەروەها بە سەدان كارگەی مامناوەندو بچووك هەیە كە لەكاركردن بەردەوامن.

بواری ئابووری
رێژەی ئەو هاووڵاتیانەی كە لەكەرتی حكومیدا كار دەكەن تا سەرەتای ساڵی 2017، نزیكەی لە (46,9%)یە، هاوكات رێژەی ئەو هاووڵاتیانەی كە لەكەرتی تایبەتدا كار دەكەن (51,4%)، رێژەی ئەو هاووڵاتیانەی كە لەكەرتەكانی تردا كار دەكەن (1,7%)، تێكڕای خەرجی خێزان لەساڵێكدا دەكاتە (850,000) دینار، بەڵام تێكڕای داهاتی خێزانێك لەمانگێكدا دەكاتە (750,000) دینار، ئەمە جگە لەوەی تێكڕای خەرجی تاكە كەسێك لەمانگێكدا بریتییە لە (170,000) دینار، تێكڕای داهاتی كەسێك لەمانگێكدا دەكاتە (150,000) دینار، رێژەی ئەوانەشی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن لەدانیشتووان (10%)یە.

بواری كشتوكاڵ‌و ئاژەڵداری
بەپێی بڵاوكراوەكەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، كۆی زەوی شیاو بۆ كشتوكاڵ بەدۆنم لەپارێزگای سلێمانی بریتییە لە دوو ملیۆن و 496 هەزارو 644 دۆنم، زەوی بەراوی كشتوكاڵی 286 هەزارو 715 دۆنم، رۆبەری زەوی چێنراو بەدۆنم لەكۆی گشتی بریتییە لە ملیۆنێك‌و 825 هەزارو 730 دۆنم، ژمارەی مەڕ لەپارێزگای سلێمانی ملیۆنێك‌و 816 هەزارو 859، ژمارەی بزن 563 هەزارو 618، ژمارەی مانگا 184 هەزارو 246، ژمارەی گامێش سێ هەزارو 815، ژمارەی هۆڵی پەلەوەر 526، ژمارەی خانووی پلاستیكی سێ هەزارو 70، ژمارەی حەوزی ماسی 344، ژمارەی كورەی هەنگ 67 هەزارو 465، ژمارەی بیری ئیرتیوازی دوو هەزارو 100 بیر.

بەنداو لەسنووری شاری سلێمانی
بەگوێرەی بڵاوكراوەكەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، 13 بەنداوی گلدانەوەی ئاو لەسنووری شاری سلێمانی هەیە كە بەشێكیان تەواو بووەو بەشێكیشیان كاركردن تیایاندا بەردەوامەو هەندێكیشیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە.
لەبڵاوكراوەكەدا ئاماژە بەم بەنداوانە كراوە: (بەنداوی خێوەتە كە لەسەر چەمی قەڵاچوالان دروستدەكرێت‌و لەتوانایدایە بڕی 125 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلبداتەوەو دیزاینكردنی كۆتایی هاتووە، بەنداوی زەلان كە لەشارباژێر دروست دەكرێت‌و بڕی 25 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوەو كاركردن تێیدا بەردەوامە، بەنداوی چەق چەق كە لە پشتی گەڕەكی سەرچنارەو توانای گلدانەوەی پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە‌و كاركردن تێیدا وەستاوە، بەنداوی باسەرە كە دەكەوێتە سەیرانگەی دێلێژەوەو بڕی 65 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوەو كاركردن تێیدا وەستاوە، هەروەها بەنداوی ئاوە سپی لەناحیەی سەنگاو كە بڕی 25 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوەو كۆتایی هاتووە، بەنداوی خۆرنەوازان لە گەرمیان (قەوالی) كە بڕی 11ی ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوەو زیاتر (90%)ی تەواو بووە، بەنداوی قادر كەرم لە قادر كەرم كە توانای گلدانەوەی بڕی 2,5 مەتر سێجا ئاوی هەیە‌و تەواو بووە، بەنداوی شیوەسور لە ناحیەی شوان كە بڕی 2,5 ملیۆن مەتر سێجا تەواو بووە، بەنداوی هەشەزینی لە گەرمیان (قەرەتامور) كە بڕی نیو ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوەو تەواو بووە، بەنداوی سورقاوشان لەسەر چەمی قەشقۆڵی پشتی تەلان كە بڕی 10 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوەو (65%)ی تەواو بووە، بەنداوی باوەنوور لە ناحیەی پێباز كە 50 ملیۆن ئاو گلدەداتەوەو كاركردن تێیدا وەستاوە، بەنداوی دێوانە لەسنووری قەزای دەربەندیخان كە توانای گلدانەوەی 22 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیەو كاركردن تێیدا وەستاوە، بەنداوی سمۆر لەقەرەداغ كە توانای گلدانەوەی 1,5 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیەو تەواو بووە.

هەندێك خزمەتگوزاری پێشكەشكراو لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیەوە
* كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك لەساڵی 2000ەوە تا كۆتایی ساڵی 2017 بریتی بووە لە شەش ملیۆن‌و 580 هەزارو 111 تۆن.
* كۆی كۆنكرێت كردنی گەڕەك‌و شۆستەو شەقامەكانی شاری سلێمانی لەساڵی 2000ەوە تا كۆتایی 2017 بریتی بووە لە سێ ملیۆن‌و 779 هەزارو 84 مەتر دووجا.
* دابەشكردنی زەوی لەسەرۆكایەتی شارەوانی بەپێی بڕیارەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەساڵی 2000ەوە تا كۆتایی 2017 بریتی بووە لە 20 هەزارو 842 پارچە زەوی نیشتەجێبوون.
* دروستكردن و راكێشانی تۆڕی ئاوەڕۆ بە تیرەیی جیاواز لەساڵی 2000ەوە تا 2017 بریتییە لە 365 هەزارو 51 مەتر.
* پڕۆژەی چاكسازی و قیرتاوكردنی شەقامەكانی شاری سلێمانی لەساڵی 1996ەوە تا كۆتایی ساڵی 2017 بریتییە لە 16 ملیۆن‌و 107 هەزارو 209 مەتر دووجا.
* پێدانی مۆڵەتی بینای بازرگانی لەساڵی 2007ەوە تا ساڵی 2017، بریتییە لە هەزارو 983 مۆڵەت.
* پێدانی مۆڵەتی بینای پیشەسازیی لەساڵی 2007ەوە تا ساڵی 2017، بریتییە لە 177 مۆڵەت.
* لەماوەی ساڵانی (1991 – 2017) سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی 63 هەزارو 992 مۆڵەتی خانووی نیشتەجێبوونی داوە.