رۆژی شه‌ممه‌ ته‌واوی فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنوورییه‌كان داده‌خرێن


له‌ ڕۆژی ده‌نگدانی گشتی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌راندا ته‌واوی فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنوورییه‌كانی عێراق داده‌خرێن.

ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ڕایگه‌یاند بۆ ماوه‌ی‌ 24 سه‌عاتی به‌ر له‌ ده‌نگدانی گشتی‌و ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ سه‌رجه‌م فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌سنوورییه‌كانی عێراق داده‌خرێن.

وته‌بێژی ده‌سته‌ی خاڵه‌ سنوورییه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند: لیژنه‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق فه‌رمانی داوه‌ به‌ داخستنی ته‌واوی فڕۆكه‌خانه‌ و خاڵه‌ سنوورییه‌كان له‌ سه‌عات 12ی ئێواره‌ی‌ هه‌ینی تا 12ی‌ ئێواره‌ی‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی‌ ده‌نگدانی گشتیی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕایگه‌یاند تائێستا هیچ فه‌رمانێكیان پێ نه‌گه‌یشتووه‌ كه‌ ئایا له‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا قه‌ده‌غه‌ی‌ هاتوچۆ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، یان نا.

ڕۆژی شه‌ممه‌ 12ی‌ ئایار پڕۆسه‌ی‌ ده‌نگدانی گشتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان ڕاده‌گیرێت.