بازرگانان نیگەرانن لە نرخی پشکنینی تەندروستی مەرزەکان

دوای دیاریکردنی نرخی پشکنینی مادە ھاوردەکراوەکان بۆ ھەرێمی کوردستان، بازرگانان نیگەران دەبن لەو نرخەی دیاریکراوە، پێیانوایە نرخەکان زۆرن بۆ پشکنینی ماددەکان. 

ژمارەیەک لەبازرگانانی ھاوردەکردنی بەرھەمەکانی ووڵاتی ئێران بەمەبەستی گەیاندنی داواکاریەکانی بازرگانان سەردانی سەرۆکی ژووریانکرد و داواکاریەکەیان گەیاند دەست سەرۆکی ژوور.
حەمەد ئەمین حسێن، لەکۆمپانیای شادی ڕایگەیاند “حکومەتی ھەرێم نرخی پشکنینی تەندروستی ماددە ھاوردەکراوەکانی دیاریکردووە، وە ھەر ماددەیەک کە ھاوردەدەکرێت گەر چەند کاتێکی جیاوازی تیابێت لە دروستکردندا، دەبێت ئەوەندە پارەی پشکنین بدرێت و مادەکان پشکنینیان بۆ بکرێت وە یان گەر مادەیەک بێنین وەک شەربەت چەند تامبێت دەبێت ئەوەندە پشکنین بکرێت بۆیە ئەوە زۆر دەکەوێت لەسەرمان”. 

وتیشی “ئێمە داواکارییەکمان گەیاندە ژووری بازرگانی سلێمانی بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین کە تەنھا پارەی یەک پشکنین وەربگیرێت بۆ ھەر ماددەیەک”. 

لە 13ی ئایاری 2018 بڕیاری نوێی پشکنینی تەندروستی ماددە خۆراکییەکان لە مەرزی پەروێزخان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی  ڕاگەیاند “ئێمە داواکاری بازرگانانمان وەرگرتووە ھەر لەگەڵ خۆیاندا لەگەڵ بەرپرسانی کوالێتی کۆنترۆڵ قسەمان کرد و پێمانڕاگەیاندن کە بازرگانان نیگەرانن لە شێوازی پشکنینی ماددەکان بۆ ئەوەی نەبێتە ھۆکارێک بۆ زیادبونی نرخێک لەسەر ھاووڵاتیان”. 

ئەوەشی وت “بەرپرسانی کوالێتی کۆنترۆڵ تەئکیدیان لێکردینەوە کە پشکنینەکان بەو جۆرە نابێت کە بازرگانان نیگەران بکات ھەموو کارئاسانیەکیان بۆدەکرێت تا نەبێتە ھۆکارێکیش بۆ گرانبونی نرخ لەسەر ھاووڵاتیان”.