حسێن محەمەد، ژینگەپارێزێکی تەمەن ٥٣ ساڵە و هەر لە سەرەتاکانی تەمەنیەوە لەگەڵ خانەوادەکەی سەرقاڵی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بووە لە گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی بازیان و پاشان هاتونەتە سلێمانی و ماوەی ١٥ ساڵیشە سەرقاڵی جوانکردنی باخەکانی شاری سلێمانییە.
ئێستا حسێن محەمەد ڕۆژانە لە کاتژمێرەکانی بەرە بەیانییەوە بەرەو باخەکەی کە لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانییە، ملی ڕێگا دەگرێتەبەر و بە عەشقەوە دەست بە کارەکانی ڕۆژانەی دەکات.
ڕۆژانە ئەو ژینگە پارێزە لە باخەکەیدا گوڵ و نەمان و چیمەن دەچێنێت و بژاریش دەکات، ئەو گژوگیایانەی کە زیادەن و زیان بە گوڵەکان دەگەیەنێت لێی دەکاتەوە، ماندوێتی و عارەقی نێوچاوانی مام حسێن بۆ بە جوانی هێشتنەوەی باخەکەیە، تاوەکو هاوڵاتیان لەکاتی سەردانەکەیاندا بۆ باخەکە کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر ببەن.
مام حسێن توێکڵی چەرەساتەکان و قوتوی خواردنەوە گازییەکان و کیسی چپس و پسکیت ئەو کەلوپەلانەن کە باخەکە پیس دەکەن، دەبنەهۆی ماندووبوونی و پشتی ناچار بە چەمینەوە دەکەن.
مووچەی ئەم ژینگە پارێزانەش سەرەڕای کەمی بڕەکەیان، بەڵام دوور نەبووە لە جێبەجێبەکردنی سیستمی پاشەکەوتی مووچە، بە جۆرێک کە بڕی ١٥٠ هەزاریان لێبڕاوە و ژیانیانی بەرەو قورسی بردووە، هەربۆیە داوا لە حکومەت دەکات کە مووچەکانیان وەک خۆی لێبکرێتەوە و چیتر مووچەکانیان بە پاشەکەوەتەوە وەرنەگرن.