به‌های تمه‌ن بۆ نزمترین ئاست داده‌به‌زێت

نرخی تمەن لە دابەزیندایە و دوای ئەوەی ترەمپ لە تویتێكدا وتی، ئەمشەو سێشەم بڕیاری خۆی لە بارەی كشانەوە یان مانەوە لە رێككەوتنی ناوكیی دەردەكات، نرخی تمەن هێندەی تر دابەزیوە.

نرخی هەر دۆلارێك گەیشتووەتە حەوت هەزار و 200 تمەن كە نزمترین نرخی تمەنە لە بەرانبەر دۆلاردا لەو كاتەوە ئەو دراوە دروست بووە.

بانكی ناوەندیی ئێران بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نرخی تمەن بكات، خۆی ماوەیەكە نرخی دۆلاری بە چوار هەزار و 200 تمەن داناوە و بەم نرخە دەیفرۆشێت، بەڵام دەست هیچ كەسێك ناكەوێت و مەبەستی ئێران ئەوەیە بەم شێوەیە كۆنترۆڵی بازاڕ بكات تەنانەت لە نووسینگەكانی دراویش كەس بۆی نییە لەم نرخە زیاتر بفرۆشێت، بۆیە مامەڵە بەو دراوە وەستاوە و بە نهێنی خەڵك پارەكانی بۆ دۆلار دەگۆڕێتەوە.

 كاتێكیش بە نهێنی ئالوگۆڕی دراو دەكرێت، هیچ نووسینگەیەك ئامادە نییە بە كەمتر لە حەوت هەزار تمەن دۆلار بەرانبەر بە تمەن بگۆڕێتەوە.

رێك هەشت ساڵ لەمەوبەر نرخی هەر دۆلارێك هەزار تمەن بوو، كەچی ئێستە سەرووی حەوت هەزار تمەنە كە واتای ئەوە دەگەیەنێت ئابووریی ئێران تا چ رادەیەك پاشەكشەی كردووە.

ئەگەر ترەمپ لە رێككەوتنی ناوكیی بكشێتەوە، ئێران هێندەی تر دەكەوێتە ژێر باری گوشاری دارایی و ناتوانێت نەوتەكەی بفرۆشێت، لەم كاتەشدا داهاتەكەی دادەبەزێت و نرخی تمەن زۆر لەمە زیاتر دادەبەزێت و دواجار ئابووریی ئێران تووشی داڕمان دەبێت.