بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت سەرەڕای قەیرانی دارایی و گرفتی بەبازاڕكردن و دابەزینی نرخی مریشك، بەڵام گەشەسەندنێكی بەرچاو لە پیشەسازیی پەلەوەر لە هەرێمی كوردستان روویداوە و بەرهەمی پرۆژەكان بە رێژەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە ساڵی 2013 لە هەرێمی كوردستان 1115 پرۆژەی پەلەوەر هەبوون و بەرهەمیان 65 هەزار تۆن مریشك بوو، بەڵام ساڵی رابردوو ژمارەیان بۆ 1389 پرۆژە زیادی كردووە و بەرهەمیشیان گەیشتووەتە 108 هەزار تۆن.
بەپێی هەمان ئامار، پرۆژەكانی هێلكەی خواردنیش زۆر گەشەیان كردووە، ساڵی 2013 لە كوردستان 8 پرۆژەی هێلكەی خواردن هەبوون و وزەی ساڵانەیان 569 ملیۆن و 671 هەزار هێلكە بووە، بەڵام ساڵی رابردوو ژمارەی پرۆژەكان بۆ 11 پرۆژە زیادیان كردووە كە دەتوانن ساڵانە یەك ملیار و 595 ملیۆن و 410 هەزار هێلكە بەرهەم بێنن.
پیشەسازیی پەلەوەر لە كوردستان پیشەسازییەكی تەواوكەرە، واتە هەموو ئەڵقەكانی بازنەی پیشەسازییەكە هەن، وەك بەرهەمهێنانی جوجەڵەی نەژادی، هەڵهێنەری دایكانە، دایكانەی جوجەڵەی گۆشت، پەلەوەری گۆشت، هەڵهێنەری پەلەوەر، هێلكەی خواردن، سەربڕخانەی پەلەوەر و كارگەكانی ئالیك.
رەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ رایگهیاند: “سەرەڕای قەیرانی دارایی، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، 274 پڕۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەر، سێ پرۆژەی هێلكەی خواردن، چوار پرۆژەی دایكانەی جوجەڵەی گۆشت، 17 پرۆژەی هەڵهێنەری پەلەوەر و 11 كارگەی ئالیك لە هەرێمی كوردستان بە وزەی زۆر گەورە دامەزراون، هەر بۆیە بەرهەمی گۆشتی پەلەوەر بە رێژەی 40% زیادی كردووە. ئەمە جگە لە دامەزراندنی 300 پرۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەر كە بەبێ مۆڵەت دروستكراون”.
ئامانجی كەسانی وەكو رەمەزان محەممەد لە وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان ببێتە سەنتەرێك بۆ پیشەسازیی پەلەوەر لە هەموو عێراق، لێرەوە بەرهەم هەناردەی شارەكانی عێراق بكرێ.
بەڵام رەمەزان دەڵێت: “لەپێناوی پاراستنی بەرهەم و گەشەی زیاتری ئەم كەرتە، پێویستە حكومەت سنوورێك بۆ لێشاوی هاوردەكردنی گۆشت دابنێ، چونكە بەگوێرەی بەدواداچوونمان، نزیكەی 30%ی پرۆژەكان بەهۆكاری ساغنەبوونەوەی بەرهەم، لەكاركردن وەستاون و زۆربەی پرۆژەكان بەرهەمەكانیان رەوانەی شارەكانی عێراق دەكەن، لە بەرامبەریشدا ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار بۆ كڕینی مریشك و هێلكە دەچێتە دەرەوە”.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ، وزەی ساڵانەی كێڵگەكانی پەلەوەر لە كوردستان 166 هەزار تۆن گۆشتە، ئەمە لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە 138 هەزار تۆن گۆشتی مریشكە.
رەمەزان دەڵێت ئەوان هەوڵی زۆریانداوە ئەو ژێرخانە باشەی پیشەسازیی پەلەوەر بخەنە سەر رێچكەی خۆی، بەجۆرێك بە كواڵیتیی بەرز و بڕی باش و نرخی گونجاو پێداویستی هەرێمی كوردستان دابین بكەن، بەڵام وەك پێویست سەركەوتوو نەبوون، بۆ هۆكارەكەشی دەڵێت: “لە كوردستان بازرگانیی گەرم بە بەروبوومەكانی پەلەوەر دەكرێ و بازرگانەكانیش باڵادەستترن لە ناوەندی بڕیار و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ، جگە لەوەش وڵاتانی دەوروبەر لەڕێگەی هەناردەكردنی بەروبوومی هەرزانتر لە نرخی خۆی، بە بەرنامە كار بۆ شكستپێهێنانی پرۆژەكانی كوردستان دەكەن”.
لە داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵدا دەردەكەوێت، پارێزگای سلێمانی لەڕووی زیادبوونی ژمارەی پرۆژەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر لەپێشەوەی پارێزگاكانی دیكەیە و خاوەنی 518 پرۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەرە، لەو 274 پرۆژەیەی لە ماوەی قەیرانی دارایی دروستكراون، 124یان لەسنووری ئەو پارێزگایە بووە.
تەها ئەحمەد محەممەد كە ساڵی رابردوو كێڵگەیەكی پەلەوەری لە ناوچەی پیرەمەگرون دامەزراندووە، هەر وەجبەیەك 50 هەزار مریشك دەخاتە بازاڕەوە. تەها وتی “زۆربەی بەرهەمەكەمان لە شارەكانی عێراق ساخ دەكەینەوە، ئەگەر رێگاكان كراوە بن و ئاڵۆزی سیاسی لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان نەمێنێ، گرفتی ساخكردنەوەی بەرهەممان نابێ. بەڵام بەپێچەوانەوە زیانی زۆر دەكەین، چونكە بەهۆی زۆری و هەرزانیی نرخی مریشكی هاوردە مریشكەكانمان لە كوردستان بۆ ساغ نابێتەوە”.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە 37.139.519 كەس، ئەگەر پێوەری وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بۆ پێویستی ساڵانەی تاكی عێراق لە گۆشتی مریشك بكەینە پێوەر كە 23.9 كیلۆگرامە، ئەوا پێویستیی عێراق بۆ گۆشتی مریشك لە ساڵێكدا دەگاتە 887 هەزار و 634 تۆن مریشك، بۆیە ئەگەر گرفتی رێگە و بە بازاڕكردنی چارەسەر بكرێ، پرۆژەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سێ بەرامبەری ئێستاش بەرهەمیان زیاد بێت، گرفتی ساغكردنەوەیان نابێت، بە مەرجێك بەنرخێكی گونجاو بیفرۆشن و عێراق هاوردە كەم بكاتەوە.
دكتۆر سەڵاح مستەفا، سەرۆكی رێكخراوی پەرەپێدانی پیشەسازیی پەلەوەر لە كوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی گروپی ڤانۆ بۆ بەرهەمهێنانی پەلەوەر دەڵێت: “زیادبوونی خواست لەسەر گۆشت بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی كوردستان، وەستان و سستبوونی كار لە زۆربەی سێكتەرەكانی دیكە، هەروەها ئاسانكاری بۆ دامەزراندنی كێڵگەی پەلەوەر، وای كردووە پیشەسازیی پەلەوەر لە كوردستان زۆر بە باشی گەشە بكات”.
دكتۆر سەڵاح مستەفا، پێیوایە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی درێژخایەنی بۆ گەشەی پیشەسازیی پەلەوەر هەبووایە و سنوورێكی بۆ هاوردەكردنی گۆشتی پەلەوەر دانابا، بەهەماهەنگی لەگەڵ عێراق گرفتی بەبازاڕكردنی مریشكی چارەسەر بكردایە، قەیرانی دارایی هێندە كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان نەدەبوو، چونكە پرۆژەكانی پەلەوەر بۆ دوو هێندەی ئێستا زیاد دەبوون و لەو رێگەیەوە بە هەزاران خێزان و گەنج كاریان دەستدەكەوت و رێژەی بێكاریش كەم دەبووەوە، پارە بۆ هاوردەكردنی مریشك نەدەچووە دەرەوە، بەهۆی فرۆشتنی بەرهەمەكانیش بە شارەكانی عێراق، ساڵانە پارەیەكی زۆر دەهاتەوە كوردستان”.