بە وتەی بەرپرسی خانەی پیشە و کانزاکانی پارێزگای کرماشان،95%ی یەکە پیشەیییەکانی ئەو ناچالاکن و داخراون.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران لە کۆبوونەوەی پیشەکارانی پارێزگای کرماشاندا جەهانبەخش شوکری، بەرپرسی خانەی پیشە و کانزاکانی ئەو پارێزگایە ڕای گەیاندووە، تەنیا 5%ی یەکە پیشەیییەکان لە کرماشان چالاکن و بەرهەمهێنانیان هەیە.
ئەو بەرپرسەی حکوومەت لە کرماشان ئاماژەی بەوەش کردووە چوونەسەرەوەی نرخی دۆلار بازاڕی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی تووشی کێشە کردووە و زۆربەی یەکە پیشەیییەکان قەرزدار بوون و لەلایەکی دیکەشەوە قەرزە بانکییەکان کە بە بەرهەمهێنەران دراون، سوودیان ئەوەندە لەسەرە، یەکە پیشەیییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ قەرزدارتر دەبن.
پارێزگای کرماشان، لە بواری زۆربوونی کانزاکان و هێزی مرۆیی و سنوورەکانی لەگەڵ دەرەوەی ئێران، توانانی ئەوەی هەیە ببێتە یەکێک لە پیشەییترین پارێزگاکانی ئێران.
بە وتەی شارەزایانی ئابووری بەرپرسانی ئابووریی ئێران گرنگی بە کەرتی پیشەسازی لەو پارێزگایە نادەن و ئاکامەکەی بووەتە ئەوەی کە پارێزگای کرماشان لە بواری ئابووریدا کەمترین گەشە بکات و ئاستی بێکاری لەو پارێزگایە لە هەموو ئێراندا زۆرتر بێت و کەمترین سەرمایەدانان لەلایەن حکوومەتەوە لەو پارێزگایە بکرێت و خاوەن سەرمایەکان و پیشەکارەکانی ئەو پارێزگایەش سەرمایەکەیان لەوێ بەکار نەهێنن و لە ناوەندی ئێراندا وەگەڕی بخەن.