رێگەنادرێت لە عەلوەی سلێمانی عمولە لە جوتیاران وەربگیرێت و دەبێت لایەنی كڕیار پابەندبێت بە پێدانی ئەو بڕە پارەیەی وەك عمولە دەدرێت بە نوسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی سەوزە و میوە.
ئەمڕۆ 7-5-2018 ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە ئامادەبوونی نوێنەری ئاسایشی ئابووری لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیاری عەلوەی سلێمانی كۆبۆوە و بەدواداچونی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و پاڵپشتی لە جوتیاران كرد.
لە كۆبونەوەكەدا جەختكرایەوە لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی تایبەتە بە وەرنەگرتنی عمولەی فرۆشتنی بەرهەمەكان لە جوتیاران لەلایەن نوسینگەكانەوە، لەبەرانبەردا لایەنی كڕیار پابەندە بە پێدانی ئەو بڕە پارەیەی وەك عمولە دەدرێت بە نوسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی سەوزە و میوە لە ناو عەلوەكەدا.
هەر لە كۆبونەوەكەدا تەئكیدكرایەوە هەر كەسێك پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت، روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە و رێكاری پێویستی لە بەرانبەردا دەگیرێتەبەر.
قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕیارە لەپێناو دەستگیرۆیی زیاتری جوتیاران و پشتگیریی لە بەرهەمی ناوخۆیی دراوە.