سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى پلانى خۆى بۆ ڕووبەڕووبونەوەى هەر ئەگەرێکى لافاو بەهۆى باران بارینەوە ڕاگەیاند و داواى هاوکاریش لە هاوڵاتیان دەکات.
سامان مەحمود جێگرى سەرۆکى شارەوانى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هەرچەندە دروستبوونى لافاو کارەساتێکى سروشتییە و لە وڵاتانى پێشکەوتووش ڕوودەدات، بەڵام ئەوەندەى لەسەر شارەوانییە ئەوەیە کە ڕێوشوێنی پێویست بۆ مەبەستى هەر ئەگەرێکى لافاو بگرینەبەر.
ڕاشیگەیاند، بۆ هەر ئەگەرێکى لافاو تەواوى تیمەکانیان لە ئامادەباشیدایە و لەکاتى هەر حاڵەتێکى نەخوازراویشدا هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندى بەو ژمارانەوە بکەن کە بڵاودەکرێنەوە.
داواشى لە هاوڵاتیان کرد لە ئەمڕۆوە دەستبکەن بە پاککردنەوەى ئاوەڕۆى ماڵەکانیان لەگەڵ پاککردنەوەى کۆڵانەکانیان لەو جۆرە پاشماوانەى کە نزیکن لە مەنهۆڵ و ئاوڕێژەکان بۆئەوەى بە ئاسانى ئاوى باراناو بڕۆنە نێو ئاوەڕۆکانەوە.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى هەرێم بڵاویکردەوە باران بارین لە شەوى دووشەممە لەسەر سێ شەممە لە ناوچەکانى باکوورى رۆژئاواى هەرێم دەست پێ دەکات و بەرەبەیانى رۆژى سێ شەممە لە تەواوى ناوچەکانى هەرێم باران دەبارێت .
ئاشکراشیکرد، ماوەى مانەوەى کاریگەرى باران لەسەر ناوچەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و سنوورى پارێزگاى دهۆک زیاترە هەروەها مەترسى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو لەو دوو پارێزگایە زیاترە، بەهۆى شەستە باران و باران بارینى بەلێزمە .