به‌هاى لیره‌ى توركى و تمه‌نى ئێرانى به‌رامبه‌ر دۆلارى ئه‌مریكى روو لەدابه‌زینه‌

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ به‌هاى هه‌ریه‌ك له‌ لیره‌ى توركى و تمه‌نى ئێرانى به‌رامبه‌ر دۆلارى ئه‌مریكى روو لەدابه‌زینه‌ و به‌هاى دینارى عێراقیش به‌رامبه‌ر دۆلار جێگیره‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كى باشه‌ بۆ سه‌قامگیربوونى ئابوورى عێراق. 

له‌ 10ى نیسانى رابردوو بانكى ناوه‌ندى ئێران چه‌ند رێوشوێنكى گرته‌به‌ر بۆ وه‌ستاندنى دابه‌زین و هاتنه‌خواره‌وه‌ به‌هاى تمه‌ن به‌رامبه‌ر دۆلار، كه‌ له‌ماوه‌ى شه‌شه‌ مانگدا یه‌ك له‌سه‌ر سێى به‌هاكه‌ى له‌ده‌ستدا و 100 دۆلار به‌ 604.000 تمه‌ن مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، ئه‌وه‌ش كه‌مترین ئاسته‌ كه‌ دراوى ئێران له‌ مێژووى خۆیدا تۆمارى بكات. 

هۆكارى سه‌ره‌كى دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن به‌رامبه‌ر دۆلار به‌ بۆچوونى پسپۆرانى ئابوورى، له‌لایه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گرژى و ئاڵۆزییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و ئێران و ئه‌گه‌رى كشانه‌وه‌ى واشنتۆن له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌و سه‌پاندى سزاى ئابوورى نوێ به‌سه‌ر ئێراندا، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ بۆ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى ئێران. 

له‌ 15ى نیسانیشدا بانكى ناوه‌ندى ئێران مامه‌ڵه‌ى كڕین و فرۆشتنى دۆلار له‌ نوسینگه‌كانى ئاڵۆگۆڕى دراو قه‌ده‌غه‌كرد، ته‌نیا رێگه‌یدا بانكه‌كان ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، به‌ڵام هیچ كام له‌رێوشوێنه‌كان نه‌یانتوانى بارى لارى تمه‌ن راست بكەنه‌وه‌و به‌هاکەى به‌رزبكەنەوه‌.

سه‌ره‌بات به‌به‌هاى لیره‌ى توركیش به‌رامبه‌ر دۆلار بۆ ئاستێكى پێوانه‌یی دابه‌زیوه‌، له‌سه‌ر ئاستى ساڵانه‌، له‌مانگى نیساندا به‌رێژه‌ى 11% دابه‌زیوه‌و هه‌فته‌ى رابردووش له‌ ماوه‌ى 7 رۆژدا به‌رێژه‌ى 6% دابه‌زیوه‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى ده‌ركه‌وت كه‌ بانكى ناوه‌ندى توركیا تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى هه‌ڵاوسانى نرخه‌كانى نییه‌. 

هه‌ڵاوسانى نرخه‌كان و چوونه‌ خانه‌ى ده‌یانه‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌و كێشانه‌ى سه‌رچاوه‌ى دوودڵیه‌ بۆ حكوه‌مه‌تى توركیا، له‌كاتێكدا خۆى ئاماده‌ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ له‌ 24ى حوزه‌یران. 

هاوكات ئاژانسى پۆلینه‌به‌ندى دڵنیایی له‌ نوێترین راپۆرتى سه‌باره‌ت به‌ دڵنیایی به‌هاى دراوى بیانیى له‌ توركیا، پۆلینى توركیا له‌ (BB /B) دابه‌زاند بۆ (BB-/B) ئه‌وه‌ش به‌هاى لیره‌ى به‌رامبه‌ر دۆلار بۆ ئاستێكى مێژوویى دابه‌زاند و حكومه‌تى توركیاشى نیگه‌ران كرد. 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ش به‌هاى تمه‌ن به‌رامبه‌ر دۆلار زیاتر دابه‌زى 100 دۆلاربه‌ 677.000 مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، لیره‌ى توركیا له‌ ئاستێكى نزمدا مایه‌وه‌ و 100 دۆلار به‌ 424 لیره‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا.

دوارۆژ