توركیا ده‌یه‌وێت دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل و فیشخاپوور فره‌وان بكات

وەزیری بازرگانی و گومرگی توركیا خواستی وڵاتەكەی بۆ فرەوانكردنی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل و كردنەوەی دەروازەیەكی تر لە فیشخاپوور لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق راگەیاند.

وەك ماڵپەڕی فەرمیی وەزیری دەرەوەی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ شەموو بۆڵنت تۆفنكچی لە میانەی دیدارێكی لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق خواستی وڵاتەكەی فرەوانكردنی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل و كردنەوەی دەروازەیەكی تر لە فیشخاپوور پێشان داوە.

زیاتر وتی، كۆبوونەوەی لیژنەكە زۆر گرنگ و ئەرێنی بووە و دەبێتە مایەی كردنەوەی ئاسۆی نوێی هاریكاریی هاوبەش لەگەڵ عێراق و دووپاتی كردەوە كە سەقامگیری و خۆشكوزەرانی عێراق بۆ توركیا گرنگە و عێراق هاوبەشێكی بەهێزی ئابووری توركیایە و كۆمپانیاكانی توركیا 50%ی كۆی كۆمپانیا بیانییەكان لە عێراق پێك دێنن.

ئەو وەزیرەی توركیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی چاوی لە زیادكردنی قەبارەی وەبەرهێنان و ئالوگۆڕی بازرگانییە لە نێوان هەردوو وڵات و روونی كردەوە كە توركیا بۆ ئەمساڵ مێوانداری كۆڕبەندی ئاوەدانكردنەوەی عێراق دەكات و پاڵپشتی لە وەبەرهێنان و كۆبوونەوەی یەكێتی ژوورە بازرگانییەكان عێراق و دەستەی پێوەندییە بازرگانییەكانی توركیا دەكات، هەروەها كۆبوونەوەی بانكەكانی عێراق و توركیا بۆ زیادكرنی قەبارەی هاریكاری ئابووری.

ئەمڕۆ شەموو 18مین خولی لیژنەی هاوبەشی عێراق –توركیا بۆ هاریكاری ئابووری لە ئەنكەرە هاتە سازكردن كە چەندان پرسی پێوەست بە هاریكاری ئابووری و ئاو و وزە و پیشەسازی و كشتوكال و تەندروستی و ژینگە و رۆشنبیری و پەروەردە و زانست و تەكنۆلۆجیا باس كران.