پانێڵیک له‌نێوان ھەرێمی كوردستان و تورکیا دەربارەی دەرفەتی بازرگانی و وەبەرهێنان بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی وەزیری داد، سینان چەلەبی و پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی و کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای پانێڵیک دەربارەی دەرفەتی بازرگانی و وەبەرهێنان لە عێراق بەڕێوەچوو.

لە پانێڵەکەدا، کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای وتی: “عێراق وڵاتێکی ٣٧ ملیۆن کەسییە و دەکرێت بڵێین تورکیا گرنگترین هاوبەشی ئەو وڵاتەیە، رەهەندی بازرگانی عێراق بە پلەی چوارەم دێت لە تورکیا، زیادبوونی ئەو پەیوەندییە بازرگانییە بێگومان لە بەرژەوەندی عێراق و تورکیادایە. ئەم نزیکبوونەوەی تورکیا کوالێتی بازاڕی عێراقیشی بەرزکردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە کە داعش زیانی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان گەیاند”.

کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای ئاماژەیشی بەوەکرد کە قەبارەی بازرگانی تورکیا لەگەڵ عێراق نۆ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و وتی: “ئەو کۆنفڕانسەی لە کوێت بۆ عێراق ئەنجامدرا و تورکیا لەوێ رۆلی خۆی گێڕا و پێنج ملیار دۆلاری وەکو کریدیت دیاریکرد بۆ ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی عێراق کە زیاتر ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە بە هۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعش زیانییان بەرکەوتووە”.

پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی وتی: “پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکان لەگەڵ تورکیا ئەزموونێکی پڕ بەرهەم و داهێنەر بووە و ئەو پێشکەوتنانەی کە لە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاوەدانی و بارزگانی هەبووە، پشکی شێر بەر وڵاتی تورکیا کەوتووە و جێ پەنجەی تورکیا لە ئاوەدانی دیارە و بە شانازییەوە دەیڵیین بەشی هەرەزۆری پڕۆژەکانی هەولێر کۆمپانیاکانی تورکیا جێبەجییان کردووە و بەئاستێکی بەرز و کوالێتییە بەرزەکان هۆکارێکی گرنگ بووە بۆ ئاوەدانی و سیاسەتی حکوومەتی هەرێمیش جۆرێک بووە کە پاڵشپت بووە بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە و تورکیاش پاڵپشتی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە و تیایدا سەرکەوتووبوون”.

نەوزاد هادی وتیشی: “هەموو کاتێک تورکیا وەک قوڕگی هەناسە بووە بۆ هەرێمی کوردستان و تا ئێستا تورکیا ئەو هەناسەیەی دانەخستووە و هەمیشە وەک دوو دۆست سەیری یەکترمان کردووە و هیوادارین دوای ئەم هەڵبژاردنەش عێراق دەچێتە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئێمەش داواکارین لە کۆمپانیاکانی تورکیا کە ئەو پەیوەندییە بەهێزتربکەن”.

دواتر وەزیری داد، سینان چەلەبی وتی: “بێگومان دەکرێت ئێمە سنووری سیاسیمان هەبێت لەگەڵ وڵاتان، بەڵام هیچ کاتێک نابێت سنووری بازرگانیمان هەبێت، چونکە بازرگانی بۆ خۆشگوزارانی خەڵکە و بە شێوەیەکی ئاسایی دەکرێت کێشە لە نێوان دامەزراوە ئیدارییەکان و سنوورەکاندا هەبێت. من لە ساڵی ٢٠٠٩ کە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بووم لە هەرێم، ٤٠٠ کۆمپانیای تورکی لێرەبوون و بێگومان دواتر ئەو ژمارەیە بەرزبووەوە، هاوکات بارستەی ئابووریشمان بەرزبووەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانمان بدەین”.

پانێڵەکە لەچوارچێوەی کۆڕبەندی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی خاوەنکار لە تورکیا بەشداربوون.