هەرێم داوا لە ئێران دەکات پێداچوونەوە بە باجی گەشتیاران بۆ باشووری کوردستان بکات

هەرێمی کوردستان داوای لە ئێران کردووە پێداچوونەوە بە باجی گەشتیاران بۆ باشووری کوردستان بکات، چونکە کاریگەری کردووەتە سەر هاتنی گەشتیاران بۆ باشووری کوردستان. پارێزگاری ورمێش دەڵێت، یاساکە دەچێتەوە پەرلەمان و ئەگەری هەیە کەمبکرێتەوە.

یەکێک لەو بابەتانەی لەنێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، بابەتی ئەو باجانەیە کە حکومەتی ئێران لەسەر هاووڵاتییانی خۆی دەیسەپێنێت لەو کاتانەدا کە گەشت بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە دەکەن. 

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن ئەو بڕیارە بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ ناو هەرێمی کوردستان بەرێژەی زیاتر لە سەدا 70. بەڵام پارێزگاری ورمێ دەڵێت، ئەو بڕیارە جارێکی دیکە نێردراوەتەوە پەرلەمانی ئێران بۆ ئەوەی چاوی پێدا بخشێندرێتەوە بەو بەشەی باسی گەشتی وشکانی دەکات چونکە بەم بڕیارە 10 بەرامبەر بووەتەوە.

عەتا ئەنوەر، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری لە باشووری کوردستان راگەیاند: “حکومەتی ئێران باجی نوێی لەسەر هاووڵاتیانی خۆی سەپاندووە کە گەشتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بکەن، جاری یەکەم 220 هەزار تومان، جاری دووەم دەبێتە 340 هەزار تومان و جاری سێیەم و دواتر بەرزدەبێتەوە بۆ 400 هەزار تومان. ئەگەر خێزانێکی چوار کەسی بیانەوێت گەشت بکەن دەبێت 300 بۆ 400 دۆلار باج بدەن و ئەوە پارەیەکی زۆرە، کە هاتنی گەشتیارانی بۆ هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە کە دەگاتە زیاتر لە 70%.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکەن کە ئەوان داوایان لە حکومەتی ئێران کردووە بە چاوێکی دیکە لە پەیوەندییەکانی هاونیشتمانیانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بڕوانن و پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکەن.

لەلایەکی دیکەوە پارێزگاری ورمێ دەڵێت پەرلەمان کار لەسەر ئەو بڕیارە دەکات و پێدەچێت باج بۆ گەشتی زەمینی کەمبکرێتەوە.

محەممەد مەهدی شەهریاری، پارێزگاری ورمێ راگەیاند: “یاسای باجی چوونەدەرەوە لە وڵات بەڕای من هەندێ ناهەماهەنگی تێدایە، پێشتر لە نێوان باجی چوونە دەرەوە لە رێگەی وشکانی و ئاسمانی جیاوازی هەبوو، رێگەی ئاسمانی سێ بەرامبەر کراوەتە بەپێی ئەو یاسا نوێیە، بەڵام باجی چوونەدەرەوە لە رێگەی وشکانی 10 بەرامبەر بووەتەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی سنوورنشینەکانی لێکەوتووەتەوە لەبەر ئەوەی سنوورنشینەکان بە رێگەی وشکانی هاتووچۆ دەکەن، بۆیە پەرلەمانتاران پڕۆژە یاسایەکی نوێیان ئامادەکردووە کە رۆژانی داهاتوودا دەخرێتە دەنگدان، ئەگەریش سێ بەرامبەر ببێتەوە هێشتا زۆر کەمتر دەبێتەوە لەو بڕەی ئێستا دانراوە”. 
 
رووداو