سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، هیواخوازە گفتوگۆی هەولێرـبەغدا بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان فراوانتر بكرێن.
ئەم وتانەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە میانی كۆبوونەوەیەكی بوو لەگەڵ محەمەد شەیاح ئەلسوودانی، وەزیری پیشەسازی و كانزاكانی عێراق كه لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری پیشەسازی و كانزانی عێراق رایگەیاند، هەنگاوەكانی ئاساییكردنەوە و بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا جێگەی بایەخن كە بۆتە هۆكاری چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەكان، بەردەوامیی دیالۆگی هەولێر ـ بەغدایشی بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشانەی كە ماون، بەپێویستزانی.
لای خۆیەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەم كە هاوكاربوون بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەكان و هیوای خواست گفتوگۆی هەولێرـبەغدا بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان، فراوانتر بكرێن.
نێچیرڤان بارزانی هیوای ئەوەشی خواست پەیوەندی و هاوكاری و هاریكارییەكانی نێوان دامودەزگاكانی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ فراوانتر بكرێت.