وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داهاتی مانگی سێی فڕۆكەخانەكانی بڵاوكرده‌وه‌


وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە داتایەكی وردبینی بۆكراو داهاتی مانگی سێی ساڵی 2018 ـی بڵاو كردەوە، داهاتی فڕۆكەخانەكانیشی بەجیا تۆمار كراوە كە فڕۆكەخانەی سلێمانی داهاتەكەی نزیكەی 400 ملیۆن دینارە.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی ئایار، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێك داهاتی مانگی سێی خستەڕوو كە سەرچاوەكانی داهاتی ئەو وەزارەتە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بە وەزارەتن.

لە ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، داهاتی مانگی سێی گواستنەوە و گەیاندن بریتی بووە لە 523 ملیۆن و 822  هەزار و سێ 358 دینار.

بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەت لەگەڵ داهاتەكانی بڵاوی كردووەتەوە، فڕۆكەخانەی سلێمانی 383 ملیۆن و 741 هەزار و 38 دینار داهاتی بووە فڕۆكەخانەی هەولێر داهاتەكەی 42 ملیۆن و 295 هەزار و 170 دینار داهاتی بووە.

وەزارەتی گواستنەوە گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە، داهاتەكانی تری لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەت بە دەست دەهێنێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی داهاتی خۆی ئاشكرا دەكات كە زۆرترین داهاتیشی لە ڕێی فڕۆكەخانەكانەوە بەدەست دەهێنێت.