لە قەزای بەردەڕەش بەشی هەموو عێراق شووتی دەچێندرێت


سەرپەرشتیارى کێڵگەى بەرهەمهێنانى شووتى، عەلى عومەر رایگەیاند “کێڵگەى بەرهەمهێنانى شووتى دەرفەتى کارى بۆ ٢٥٠ تا ٣٠٠ کرێکار رەخساندووە بۆ ئەوەى رۆژانە تێیدا کاربکەن و بەشێکى زۆریش لە کرێکارەکان ئاوارەکانى مووسڵ-ن کە لە سنوورى قەزاى بەردەڕەش نیشتەجێن”.

عەلى عومەروتى: “پێش چەند ساڵێک یەکێک بووم لەو بازرگانانەى لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان بازرگانیم دەکرد، جگە لە شووتى زۆربەى بەرهەمەکانى دیکەى کشتوکاڵیم لە تورکیاوە هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرد، دواى وەرگرتنى ئەزموونى بەرهەمهێنانى شووتى لە تورکیاوە، هەمان پڕۆژەمان لە هەرێمى کوردستان لە سنوورى قەزاى زاخۆ تاقیکردەوە و لە پڕۆژەکەمان سەرکەوتوو بووین، ئەمساڵ بە مەبەستى بەرفراوانکردنى پڕۆژەکە و بەرهەمهێنانى زیاترى شووتى، سنوورى قەزاى بەردەڕەشمان هەڵبژارد، ئەویش لەبەر ئەوەى کەشوهەواى ئەو سنوورە ٣ پلەى سیلیزى لە سنوورى قەزاى زاخۆ گەرمترە، ئەمەیش وادەکات شووتى زووتر پێبگات و بەرهەمەکە زووتر بکەوێتە بازاڕەوە”.

وتیشى: “لە رووبەرى زیاتر لە ٦٠٠ دۆنم زەوی شووتیمان چاندووە و وا دەیخەملێنین لە هەر دۆنمێک ٢٠ هەتا ٢٥ تۆن شووتى بەرهەم بێت، ئەمە بەشى هەموو هەرێمى کوردستان دەکات، دواى هەرێمى کوردستان رەوانەى پارێزگاکانى دیکەی عێراقی دەکەین”.

سەرپەرشتیارى کێڵگەکە رۆڵى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت “حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمى ناوخۆیی بەڵێنى بە ئێمە داوە، کە باجى زیاتر بخاتە سەر بەرهەمى هاوردە، ئەمەیش رۆڵێکى باشى دەبێت لە سەرخستنى پڕۆژەکەمان”.

عەلى عومەر دەشڵێت “شووتییەکانى ئەو پڕۆژەیە تەندروست و بەتام تر دەبن لە شووتییەکانى هاوردەکراو، چونکە بەرهەمە هاوردەکراوەکان بە چەندین رۆژ مانەوە تا دەگاتە دەست کڕیاران، بەڵام ئەو بەرهەمە دواى لێکردنەوەى بە چەند کاتژمێرێک دەگاتە سەرجەم شارەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق”.

لە کێڵگەکەدا چەند ئەندازیارێکى کشتوکاڵى بە رەگەز تورک هەن، بەردەوام چاودێرى پڕۆژەکە دەکەن بۆ ئەوەى بەرهەمێکى تەندروست بخەنە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، وەک خۆیان ئاماژەی پێدەدەن کەشوهەوا و خاکى دەشتى بەردەڕەش بۆ کشتوکاڵ زۆر گونجاوە.

دەشتى بەردەڕەش، دواى دەشتى شارەزوور بە گەورەترین دەشت لە هەرێمى کوردستان دادەنرێت، کە بۆ چاندنى زۆرینەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى وەک گەنم، جۆ، برنج، نۆک، شووتى و کاڵەک و بەرهەمەکانى دیکە گونجاوە.