نرخی لیرە لە بازاڕەكانی دنیا لە دابەزیندایە و ئەمڕۆ پێنجشەمیش زیاتر دابەزی و ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد. ئێستا هەر دۆلارێك بە 4.20 لیرە دەفرۆشرێت و لەوەتەی لیرە هەیە نرخی بەرانبەر بە دۆلار ئەوەندە نزم نەبووە.
تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا نرخی 100 دۆلار لە 405 دۆلارەوە بەرز بووەتەوە بۆ 420 دۆلار. نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە سەرەتای ئەمساڵ بریتی بووە لە 375 لیرە و شەش مانگ لەمەوبەریش 340 لیرە بووە. ئەو نرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.
ئەمە دەریدەخات لە نزیكەی چوار ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە دوو هێندە گرانتر بووە و بەهای لیرەی توركیا بۆ نیوە دابەزیوە.
بەگوێرەی چارتی XE ساڵی 2011 نرخی 100 دۆلار بە 150 لیرە بوو و ئەو نرخە لە ساڵی 2008 بریتی بوو لە 119 لیرە. ئەمەش دەریدەخات لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لیرە پاشەكشەیەكی زۆری كردووە و بەرانبەر بە دۆلار نزیكەی چوار هێندە، نرخی دابەزیوە. بە واتایەكی تر توانای كڕینی هاووڵاتییەكی توركیا بۆ شتومەكێك كە بە دۆلار كڕابێت لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا چوار هێندە دابەزیوە.
گرنگترین هۆكاری پاشەكشەی ئابووری توركیا و دابەزینی نرخی لیرە بەرانبەر بە دراوەكانی تری دنیا ئەو سیاسەتانە بووە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرتوویەتە بەر. ئەوەی سیستەمی سیاسیی توركیاشی گۆڕی و توركیای لە وڵاتێك كە هێندەی نەمابوو ببێت بە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا بۆ وڵاتێك گۆڕیوە كە تاكەكەسێك بەسەریدا زاڵە و خەریكە بەرەو وڵاتێكی دیكتاتۆری دەگۆڕێت.
كەمال كلیچدار ئۆغڵو كە رێبەری بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا جەهەپەیە، رەخنەی توندی لە ئەردۆغان گرتووە كە بە سیاسەتە خراپەكانی وایكردووە نرخی لیرە تا رێژەیەكی زۆر دابەزێت. ئەو گوتی سەرەڕای ئەوەی كە نرخی لیرە شكاوە، كەچی بەرپرسانی دەسەڵاتدار پێدەكەنن و بیانووی ئەوە دەهێننەوە و دەڵێن ئابووریی توركیا گەشەی سەندووە لە كاتێكدا ئەمە چ گەشەسەندنێكە دراوی فەرمی وڵات لە ماوەی چوار ساڵدا 100% بەهای خۆی لە دەست بدات.
دوێنێ چوارشەم چوار پارتی ئۆپۆزسیۆن كە لە گرنگترینیان جەهەپەیە، بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی داهاتووی توركیا هاوپەیمانیان راگەیاند و پێ دەچێت ئۆپۆزسیۆن ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەردۆغان نەباتەوە، ئەوا لە پەرلەمان زۆرینە دەستەبەر بكات.