ریژەى فرۆشتنى مۆبایلی ئایفۆن دابەزیوە


کۆمپانیای ئەپڵ-ى زلهێزى ئەمریکی، رایگەیاند کە ریژەى فرۆشتنی مۆبایلی ئایفۆن لە سەرەتای سێ مانگى ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ سێ مانگى کۆتایی ساڵى رابردوو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

بەگوێرەى راپۆرتێکى کۆمپانیای ئەپڵ کە دەربارەى سێ مانگى یەکەمی ئەمساڵ بڵاویکردۆتەوە، ریژەى فرۆشتنی ئایفۆن بە گوێرەى سێ مانگى کۆتایی ساڵی رابردوو بە رێژەى لە سەدا ٣٢.٥ دابەزیوە.

ریژەى فرۆشتنى ئایفۆن کە لە دوا سێ مانگى ساڵی رابردوو ٧٧.٣ ملیۆن بووە، لە سەرەتای سێ مانگى ساڵی ٢٠١٨ رێژەکە بۆ ٥٢.٢ ملیۆن دابەزیوە.

مۆبایلی ئایفۆن ئێکس کە دوا بەرهەم و بەنرخترین بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵە، لە ٣ى تشرینى دووەمى ساڵی رابردوو کەوتە بازاڕەوە، پێش ئەویش مۆبایلەکانی جۆرى ئایفۆن هەشت و ئایفۆن هەشت پڵەس لە ٢٢ى ئەیلوولەوە کوتبوونە بازاڕەوە.

بەگوێرەى راپۆرتەکانی ئەم کۆمپانیایە داهاتی فرۆشتنى مۆبایلی ئایفۆن لە سەرەتای سێ مانگى ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ سێ مانگى کۆتایی ساڵی رابردوو بە رێژەى لە سەدا ٣٨.٨ کەمیکردووە کە دەکاتە ٣٨ ملیار دۆلار. داهاتی فرۆشتنی مۆبایلی ئایفۆن لە دوا سێ مانگى ساڵی رابردوو ٦١.١ ملیار دۆلار بووە.

 بەگوێرەى راپۆرتەکانی کۆمپانیاکە داهاتەکان لە ماوەى سێ مانگى سەرەتای ئەمساڵ، بە بەراورد لەگەڵ هەمان سێ مانگى ساڵی رابردوو قازانج و داهاتی ئینتەرنێت  بە رێژەى ١٥.٥ زیادیکردووە کە دەکاتە ٦١.١ ملیار دۆلار. واتە داهاتەکان لە سێ مانگى سەرەتای ساڵی رابردوو ٥٢.٩ ملیار دۆلار بووە.