سیروان محه‌مه‌د: كردنه‌وه‌ی فستیڤاڵی بەھار بیرۆكه‌ی ئه‌نجومه‌نی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی بوو


بەمەبەستی ھاوکاریکردنی ھاوڵاتیان و فەرمانبەران لەشاری سلێمانی فستیڤاڵی بەھار بۆ ھەرزانکردنی نرخ لەپێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی کرایەوە کە بڕیارە ١٠ ڕۆژ بەردەوامبێت.

سیروان محه‌مه‌د, سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی  رایگه‌یاند ”كردنه‌وه‌ی ئه‌م فیستیفاڵه‌ بیرۆكه‌ی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ به‌هۆی سزاكانی سه‌ر فرۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ نه‌ماتوانی پێشه‌نگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بكه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ بریارماندا ئه‌م شوێنه‌ بێ به‌رامبه‌ر بده‌ینه‌ (اطلس الاصیل) بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م ڤیستیڤاڵه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانی شاری سلێمانی، به‌ڵێنیشمان له‌ كۆمپانیاكان وه‌رگرتوه‌ به‌ نرخێكی گونجاو كاڵاو شتومه‌كه‌كانیان بفرۆشن، هیوادارین هاوڵاتیانی شاری سلێمانی سود له‌م ڤیستیڤاڵه‌ وه‌ربگرن و كاڵاو پێداویستیه‌كانی مانگی ره‌مه‌زان به‌ كه‌مترین نرخ لێره‌ بكڕن”.

سه‌رۆكی ژووری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ”به‌هاوكاری شاره‌وانی سلێمانی چه‌ند هه‌رزان بازارێك له‌ناو شاری سلێمانی داده‌نێن بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌مده‌رامه‌تن ده‌توانن سه‌رجه‌م پێداویستیاكانیانی به‌كه‌مترین نرخ  لێ بكڕن و ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌گه‌نجان كاری تێدا ده‌كه‌ن”.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له‌ وته‌یه‌كدا لە كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵی بەهارەی ھەرزانکردنی نرخ رایگه‌یاند ”هیوارم ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ زۆر بن زۆر سپاستی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و كۆماپنیاكان ده‌كه‌م كه‌ به‌ژداریان كردوه‌ وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌ پێویستی به‌م جۆره‌ كار و چالاكیانه‌یه‌ ئومێد ده‌كه‌م به‌ هه‌وڵی ژووری بازرگانی و شاره‌وانی ئه‌م جۆره‌ بازاڕانه‌ زیاتر بچنه‌ ناو گه‌ره‌كه‌كانه‌وه‌ ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌ت چاودێر ئه‌بین به‌سه‌ر كوالێتی و نرخی به‌رهه‌می كۆمپانیاكانه‌وه‌”.

پارێزگاری سلێمانی به‌ڵێنی به‌ بازرگانان و كۆمپانیاكاندا ”هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئاسانكاری كردن له‌ هێنانی كاڵاو شتومه‌ك له‌ مه‌رزه‌كانه‌وه‌، بازگه‌ی گومركی سه‌فراش كه‌ كێشه‌ی بۆ سه‌رجه‌م بازرگانان و پیشه‌سازان دروستكردوه‌، له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا لاده‌برێت”.