حكومەتی عێراق لەڕێگای وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنەوە هۆشداری دەداتە حكومەتی توركیا كە ئەگەر سوربێت لەسەر بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی گەشتەكان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەوا فڕۆكەخانەكانی عێراق بەڕووی گەشتەكانی هێڵە ئاسمانیەكانی توركیا دادەخات.
تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند:” ئێستا بڕیاری حكومەتی توركیا ئەوەیە كە ڕێگە نەدات بە گەشتی هیچ وڵاتێك لە فڕۆكەخانەكانیەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وە بەپێچەوانەشەوە،بەڵام ئەوەندەی ئاگاداربم حكومەتی عێراقی لەڕێگای وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنەوە باڵوێزخانەی توركیای ئاگاداركردۆتەوە بەپێی ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتیەكان وە ئەو ڕێكەوتننامە دوو قۆڵەیەی لەنێوان توركیا و عێراقدا هەیە مامەڵەی هاوشێوە بكات چۆن توركیا فڕۆكەخانەی سلێمانیان خستۆتە ژێر گەمارۆوە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش بەنیازە ئەگەر بۆی بكرێت فڕۆكەخانەكانی عێراق بەڕووی گەشتی هێڵە ئاسمانیەكانی توركیا دابخات.”
تاهیر عەبدوڵا كە بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند ووتیشی:” هیوادارین ئەوە جێبەجێ بكرێت وەك فشارێك لەسەر دەسپێكردنەوەی گەشتەكان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بەڵام تائێستا ئەوە نەچۆتە بواری جێبەجێ كردن و تەنها لەڕێگای ڕاگەیاندنەكانەوە بووە، چونكە ناتوانرێت پێشبینی بكرێت ئایا حكومەتی عێراق ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكات یاخود نا؟ ئێمە ئومێد دەكەین ئەگەر بتوانێت جێ بەجێی بكات بۆ ئەوەی توانا و هێز و پێگەی عیراق پیشان بدات.”