بانكی ڕافیدەین جەخت لەسەر پێدانی قەرز بەهاوڵاتیان و فەرمانبەرانی عیراق دەكاتەوە ، پەرلەمانتارێكی لیژنەی داراییش ڕایدەگەیەنێت، “هەركاتێك ئەو بانكە لقی لەهەرێم كردەوە، هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمیش دەتوانن سودمەندبن لەوەرگرتنی قەرزەكان”.
بانكی ڕافیدەین لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، هاوڵاتیان و فەرمانبەران دەتوانن سودمەندبن لەوەرگرتنی قەرز بەبڕی 20 ملیۆن دینار تاوەكو 40 ملیۆن دینارو لەماوەی پێنج ساڵ و سێ مانگیشدا قەرزەكەیان لێوەردەگیرێتەوە، سەبارەت بەسودمەندبونی هەرێمی كوردستانیش لەو قەرزە پەرلەمانتارێكی كورد زانیاری ئاشكرادەكات.
عەبدولقادر محەمەد ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیاند، “ئەگەر هەردوو بانكی ڕەشید و ڕافدەین لق لەهەرێمی كوردستان بكەنەوە، چاوەڕواندەكرێت فەرمانبەرو هاوڵاتیانی هەرێمیش بتوانن سودمەندی سەرجەم ئۆفەرو قەرزەكانیان بن، بەڵام تائێستا ئەو دوو بانكە هیچ بڕیارێكیان بۆ كردنەوەی لق لەهەرێمی كوردستان نەداوە”.
وتیشی:”لەكاتی كردنەوەی لقیش دەبێت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دڵنیاییەك بدرێت كە قەرزەكەیان پێدەدرێتەوە، ئەوكات هاوڵاتیان و فەرمانبەران دەتوانن سودمەندبن”.
پێشتر هەریەكەلە، بانكەكانی ڕەشیدو ڕافدەین لەهەرێم لقیان هەبووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و تێكچونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، پەیوەندییان بەبانكەكانی هەرێمەوە پچڕاندوە، لەبەرئەوە هیچ هاوڵاتییەك و فەرمانبەرێكی هەرێم ناتوانێت سودمەندبێت لەوەرگرتنی ئەو قەرزانە.