بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بەغدا لەرێگای باڵیۆزەکەیەوە لە عێراق هۆشداری داوەتە تورکیا و ئەگەر نا لە بەرانبەردا گەشتی یەکێک لە فرۆکەخانەکانی تورکیا بۆ عێراق وەک کاردانەوەیەک قەدەغە دەکرێت.
بێستوون زەنگەنە سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە ژمارەی ئەمڕۆ ٤ شەممەی رۆژنامەی ئاژانسی راگەیاندووە ” لەم هەفتەیەدا لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراق لەسەر راگرتنی گەشتی ئاسمانیی تورکیا بۆ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گفتوگۆمان کرد، ئەویش لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا گفتوگۆی کردووە و پێی راگەیاندووە کە داخستنی فرۆکەخانەی سلێمانی بابەتێکی سیاسیی نییە و سزادانی خەڵكی ئەو شارەیە”.
بێستوون عادل ووتیشی ” وەزیری گواستنەوەی عێراق بە باڵیۆزی تورکیای وتووە ئەگەر کێشەی فرۆکەخانەی سلێمانی چارەسەر نەکرێت، عێراق لەبەرامبەر ئەوەدا رێگر دەبێت لە نیشتنەوەی فرۆکەی یەکێک لە فرۆکەخانەکانی تورکیا”.
ئاماژەی بەوەشکرد ” لە ئێستادا حکومەتی ناوەندی چاوەڕێی وەڵامی باڵیۆزی تورکیا دەکات”.